کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەرزترین رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای بابل بووە بە ٤٨٪ و نزمترین رێژە لە پارێزگای دهۆک بووە بە رێژەی ٣٢٪.
ئەمرۆ هەینی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە هەریەک لە پارێزگاکانی زیقار و میسان بە رێژەی ٤٥٪ بەشداری دەنگدانی تایبەت کراوە، لە پارێزگاکانی موسەنا و سەڵاحەدین بە رێژەی ٤٣٪ و لە قادسییە بە رێژەی ٤٢٪ و لە پارێزگای بەسرە بە رێژەی ٤١٪ بەشدارییان کردووە لە دەنگدانی تایبەتدا.
لەلایەن خۆیەوە،
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژی
دەنگدانی تایبەتدا پێشوازییەکی زۆر هەیە لەلایەن دەنگدەرانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو،
بەڕێوەچوونی دەنگدانێکی سەرکەوتوو لە دابینکردنی ئاسایش و دڵنیاییدانە بە دەنگدەران
کە بە ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە،
بەیانی ئەمڕۆ ھەینی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد
کە دەنگدەران دەتوانن لە ٥٩٥ بنکەی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن.
پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا
بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و تەواوی
ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانە لە هەرێم و عێراق و ئاوارەکان و بەشێک لە زیندانیان دەنگدەدەن.
لە سەرانسەری عێراقدا
یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان
ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١
کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
کـ. ئـ