سەردێڕ:

کۆمسیۆن لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەتەوە روونکردنەوە دەدات

AM:10:15:08/10/2021

22328 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی باڵای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ دەنگدانی گشتیدا دەبێت و ئەمڕۆ هیچ ئەنجامێک راناگەیاندرێت.


جومانە غەلای وتەبێژی باڵای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد، دەنگدانی تایبەت بایەخ و گرنگییەکەی تایبەتی هەیە هاوشێوەی دەنگدانی گشتی، ئێمەش وەکو کۆمسیۆن ئامادەین بۆ هەرکارێکی بەپەلە و نەخوازراو و پیللانیشمان بۆ ئەم حاڵاتانە داناوە.

راشیگەیاند، ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت ئەمڕۆ راناگەیەندرێت و لەگەڵ دەنگدانی گشتیدا دەبێت، کە ئەمەش ٢٤ کاتژمێر دوای پرۆسەکە دەبێت.

روونیشیکردەوە، بەرەوپێشچوون لە پرۆسەکەدا هەیە و بەشێوەیەکی باش و بەوجۆرەی پلانی بۆ دانراوە بەرێوەدەچێت.

ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکانی عێراق و زیندانیان بەڕێوەدەچێت و یەکشەممە، ١٠ی ئەم مانگەش، دەنگدانی گشتی هاوڵاتیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە داواکارییەکی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ بوو.

بەیانی ئەمڕۆ ھەیەنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرانسەری عێرادق دەستی پێکرد کە دەنگدەران دەتوانن لە ٥٩٥ بنکەی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن.

پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری ھاوڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت. لەگەڵ ئاوارەکانی عێراق و زیندانیاندا.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.

پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.













گەلەری