راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا پرۆسەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دادەنرێت بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی زۆر دەنگدەر بەشداربن."
عەبد حوسێن ھینداوی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا، بەپێی ئەوەی پلانەی دانراو بەبێ ھیچ کێشەی و گرفتێک بەڕێوەدەچێت و دەڵێت، "پێشبینی دەکەین، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا بکەن".
باسی لەوەشکرد، پرۆسەی
دەنگدانی تایبەت لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا، لەلایەن چاوێرانی نێودەوڵەتی
کە لە ناوەندەکانی دەنگداندا بڵاوکراونەتەوە، چاودێری دەکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ ھەیەنی
پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرانسەری عێرادق
دەستی پێکرد کە دەنگدەران دەتوانن لە ٥٩٥ بنکەی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن.
پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا
بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی
ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی
سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری
ھاوڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت. لەگەڵ ئاوارەکانی عێراق و زیندانیاندا.
لە سەرانسەری عێراقدا
یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان
ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١
کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
بەپێی داتاکانی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس
مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری
دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لەم ھەڵبژاردنەدا
لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی
و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ
دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی
کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە
تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی
کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.