بەیانی ئەمڕۆ ھەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرانسەری عێراق دەستی پێکرد، کە جگە لە هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ ئاوارەکانی عێراق و زیندانیانیش دەنگ دەدەن.
لە کاتژمێر حەوتی بەیانی لە سەرانسەری عێراق دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی ھەردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی ئاوارەکان کرانەوە و پرۆسەکە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت. لە سەرانسەری عێراقیشدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا
بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی
ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی
سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری
ھاوڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت.
بەپێی داتاکانی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس
مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری
دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لە ھەرێمی
کوردستان سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن
و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر
پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.
لە ھەولێر یەک
ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری
دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی
ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای
دھۆکیش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری
دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی
ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت،
١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر
چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆکیش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ
دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.
لە پرۆسەی دەنگدانی
تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق ٥٩٥ بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و ١٢١ بنکەیان لە ھەرێمی
کوردستانە، ٥٢ بنکەیان لە ھەولێر، ٤١ بنکە لە سلێمانی و ٢٨ بنکەش لە دھۆک.
ئاوارەکان لە ھەمان
رۆژی دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن
بەپێی داتای کۆمسیۆنی
باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان لە عێراقدا ئەوانەی وەک ئاوارە لای وەزارەتی کۆچ و
کۆچبەران تۆمارکراون، ژمارەیان ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە
لە شوێنی مانەوەیان، لەوانە زیاتر لە ١١٧ ھەزاریان لە کەمپەکاندا دەمێننەوە کە لە
سەرانسەری عێراق ٢٨ کەمپی ئاوارەکان ھەن و ٢٦یان لە ھەرێمی کوردستاندان، بەڵام نزیکەی
٥٤٠ ھەزار ئاوارەی دیکەش ھەن لە شارەکاندا دەژین و وەک ئاوارە تۆمارنەکراون و دەبێت
بگەڕێنەوە شار و ناوچەکانی خۆیان دەنگ بدەن.
بۆ ئەو ئاوارانەی
لە ھەرێمی کوردستان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن ٦٠ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە، ٣١ بنکەیان
لە دھۆک، ٢٠ بنکە لە ھەولێر و نۆ بنکەشیان لە سلێمانییە.
سزادراوانی
گرتووخانەکان
ژمارەیان ٦٧١ کەسن،
شەش وێستگەی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە لە پارێزگاکانی دھۆک، سلێمانی، واست، موسەننا
و میسان.
لەم ھەڵبژاردنەدا
لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی
و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ
دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی
کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانە لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە
تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی
کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دورخستەوە.