سەردێڕ:

هۆشدارییەک لە تەندروستی هەرێمەوە؛ ئامارەكان ترسناكە

AM:09:06:19/07/2021

12192 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، "رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا سێ هێندە زیادیكردووە و ئامارەكان ترسناكە و پێشبینی هەزاران توشبووی رۆژانە دەكرێت لە داهاتوودا"، دەشڵێت، پێشنیازەکانمان داوە بە لایەنی پەیوەندیدار بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.


ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا سێ هێندە زیادیكردووە لەم دواییە بە بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئامارەكان ترسناكە و پێشبینی هەزاران توشبووی رۆژانە دەكرێت لە داهاتوودا، ئەوەی بەدی دەكرێت سستبوونێكی تەواوە بە پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە هەموو شوێنەكان و ئەگەر بەریەككەوتن كەم نەكەینەوە ئەوا كارەسات بەڕێوەیە."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمەش بەدەرنین لە وڵاتانی دەوروبەر، كە چۆن بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە دەناڵێنن."

ئاسۆ حەوێزی راشیگەیاندووە، "ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی كۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پێشنیازەكانی داوەتە لایەنی پەیوەندیدار سەبارەت بەم دۆخە و گرنگترین رێكارەكان كە پێویستە بگیرێنەبەر لە رۆژانی داهاتوو."

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە دوێنێدا هەزار و ٤٥٦ توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و شەش توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

دوێنێش، وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبارەی دۆخی کۆرۆنا دوو بژاردەی خستبووەڕوو، کە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی و سنوردار بوو و ئەوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.













گەلەری