سەردێڕ:

لە زیندانەوە؛ شیروان شیروانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

PM:09:16:07/10/2021

7220 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە، رۆژنامەنووس شیروان شیروانی لە زینداندا دەستبەسەرکراوە و ئەمڕۆش لە پەیامێکی دەنگیدا دەڵێت، "هەر چەند بەرامبەرەکەمان لێمان بدات، ئیهانەمان پێبکات و گۆشتی گیانمان لێ بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت قەناعەتی ئێمە بگۆڕێت و سەرکەوتن بۆ ئێمەیە."


شیروان شیروانی ١٤ مانگە لە زینداندایە و دادگای هەولێر بە تۆمەتی "دروستکردنی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە، ئەمڕۆش وتی، "نازانم داهاتوومان چی دەبێت، بەڵام سەرکەوتوون بۆ ئێمەیە."

لە درێژەی پەیامەکەیدا، شێروان شێروانی لە زیندانەوە دەڵێت، "هەرچەندە لایەنی بەرامبەر ئەشکەنجەت بدات، خێزانەکەت دەستبەسەربکات، حوکمت بدات بە چەندین ساڵ و هەرچی لەدەستیدێت بیکات، بەڵام ناتوانێت قەناعەتی ئێمە بگۆڕێت."

ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی وتووە، "لە هەموو ئەو ئەشکەنجە و ئازاردانەی بەرامبەرم کرا فێربووم، بەرامبەرەکەم عەرشەکەی، قامچییەکەی ناتوانێت سەربکەوێت بەسەر هێزی قەناعەتی مندا، ئەوان هەرچەند هەوڵیانداوە قەناعەتمان پێبکەن، بەڵام سەرکەوتوونەبوون."

دەشڵێت، "ئەوان توانیویانە سزامان بدەن، گۆشتی گیانمان لێ بکەنەوە، خێزانەکانمان سزابدەن، ، بەڵام نەیانتوانیوە هێزی بەرخۆدان و قەناعەتی ئێمە ببەزێنن."

شێروان شێروانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "من پێم سەیرە خاوەنی ئەم دەزگا و دامەزراوانە باسی کۆنفرانس و ستراتیژ و ئەکادیمی و ئەوانە دەکەن، لەملاشەوە بەم شێوەیە لەنێو زینداندا مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن" ئەوەشی وتووە، "من نازانم داهاتوومان چی دەبێت، بەڵام ئەوەی دەزانم ئەوەیە کە ئێمە سەرکەوتوودەبین."

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەند کرد.








گەلەری