سەردێڕ:

فایزەر داوا دەکات ڤاکسین بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ بەکاربهێنرێت

PM:08:46:07/10/2021

3088 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای فایزەر و بایۆتێک بەفەرمی داوایان لە ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا کرد کە "رێگەبدرێت ڤاکسینی COVID-19"ی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ بەکاربهێندرێت."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەریەکە لە کۆمپانیای فایزەر و بایۆتێکی ئەمریکی بەفەرمی داوایان لە ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کردووە، کە رێگە بدرێت ڤاکسینی فایزەر کە بەرهەمهێنراوی خۆیانە، بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ بەکاربهێندرێت.

مانگی رابردووش، کۆمپانیای فایزەر رایگەیاند، لەئەنجامی تاقیکردنەوەکانیانەوە بۆیان دەرکەوتووە، ڤاکسینی فایزەری بەرهەمهێنراوی کۆمپانیاکەیان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەلامەتە و کاریگەری ئەرێنی هەیە بۆ منداڵانی تەمەن پێنج تا ١١ ساڵ.

لە تویتێکیشیدا، ئەمڕۆ کۆمپانیای فایزەر باسی لەوەکردووە، "لەهەوڵی بەردەوامدان لەگەڵ ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا بۆ ئەوەی ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی تەمەن پێنج تا ١١ ساڵ بەکاربێت و لەو ڤایرۆسە بیانپارێزین".

مانگی ئابی ئەمساڵ، ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا بەفەرمی بەکارهێنانی ڤاکسینی بەرهەمهێنراوی بۆ کەسانی تەمەن ١٦ ساڵ و تەمەن گەورەتر پەسەندکرد و لەئێستاشدا ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی تەمەن ١٢ بۆ ١٥ ساڵ بەچاودێرییەکی وردەوە بەکاردەهێندرێت.

ڤاکسینی فایزەر تاکە ڤاکسینە، بەفەرمی رێگەی پێدراوە بۆ منداڵانی تەمەن ١٢ ساڵ بەکاربهێنرێت لە ئەمریکا.

هەفتەی رابردووش، ئیدارەی ئەمریکا رۆژی ٢٦ی ئەم مانگەی دەستنیشانکرد، بۆ گفتوگۆکردنی داواکەی کۆمپانیای فایزەر بەمەبەستی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵان.

تا ئێستا، شەش ملیار و ٤٢٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی فایزەر لەسەرانسەری جیهاندا دابەشکراوە و پرۆسەی دابەشکردنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەش لەئەمریکا دەستیپێکرد و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەی وەرگرت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID-19، لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا لەشاری وهانی چین بڵاوبووە و لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە، تا ئێستاش ٢٣٧ ملیۆن و ٢٢٢ هەزار و ٥٥٧ کەس توشی ڤایرۆسەکەبوون و چوار ملیۆن و ٨٤٣ هەزار و ٤٧٣ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

نەورەس غەریب













گەلەری