بۆ یەکەمجار لە تویتەر گرتە ڤیدیۆییەکی تەقینەوەکەی ساڵی ٢٠٢٠ی شاری بەیروتی لوبنان بڵاوکرایەوە.
رۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٠، لە بەندەری بەیروتی پایتەختی لوبنان تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و بەوهۆیەشەوە، زیاتر لە ٢٠٠ کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا و بە سەدان کەسیش بریندار بوون، سەرەڕای ئەوەی هەشت کیلۆمەتری بە چواردەوری شوێنی رووداوەکەدا وێرانکرد.
تەقینەوەکە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیدا بوو لەسەر بەندەری
بەیروت و تیایدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش بریندار
بوون.
وەک ئامارە فەرمییەکان باسی دەکەن، ٣٠٠ هەزار کەس ماڵ و
شوێنی مانەوەیان بۆ ماوەیەکی کاتی جێهێشت و زیاتر لە ٧٠ هەزار شوقەی نیشتەجێبوون
رووخان و زیاتر لە نۆ هەزار باڵەخانەش زیانیان بەرکەوت و زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس
کارەکانیان لەدەستدا، سەرەڕای ئەو زیانەی بەر دامەزراوەی فەرمی و نەخۆشخانە و خوێندنگاکان
کەوت.
ئاژانسی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) ئاشکرایکردووە، ئەو تەقینەوەیەی روویدا نزیكەی
٢٠٪ی ئەو نیتراتی ئەمۆنیۆمە بووە كە لەو بارهەڵگرەدا بووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بارهەڵگرەکە ژمارە ١٢ بووە و بڕی ٥٥٢
تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا بووە، لەکاتێکدا بڕی راستەقینەی ئەو نیتراتەی پێشتر لەبارهەڵگرەکەدا
بووە زیاتر لە دوو هەزار تۆن بووە و لەساڵی ٢٠١٣دا بەتاڵکراوە.