سەردێڕ:

ژمارەى دەنگدەرى دەنگدانى تایبەت ئاشکرا کرا

PM:02:49:07/10/2021

6996 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، زیاتر له یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس کە لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییە عێراقییەکاندان بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.


حسێن هینداوی ڕاوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی هێزە ئەمنییەکان کە مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیه لە سبەینێ هەینیدا دەگاتە یەک ملیۆن و ٥٩٥ هەزار دەنگدەر، کە دابەشکراون بەسەر دوو هەزار و ٥٤٨ ناوەندی دەنگداندا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو دەنگدانە تایبەتییه زیاتر له ١٢٠ هەزار ئاوارەش لەخۆ دەگرێت کە لە ٨٦ ناوەنددا ناویان تۆمارکراوە.

ئەو ڕاوێژکارەی کازمی باسیشی لەوەکرد، ٧١٥ چاودێری نێودەوڵەتی لەعێراقن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان ولەم ماوەیەدا دابەشدەکرێن بەسەر تەواوی ناوەندەکانی دەنگداندا.

حسێن ڕاشیگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە چەکدارەکان بەنهێنی دەبێت ونابێت بەهیچ شێوەیەک ئەوە ئاشکرا بکەن کەوا دەنگیان بەکێ داوە.

رۆژى یەکشەممە 10ى تشرینى یەکەم هەڵبژاردنى پێشوەخت لە عێراق بەڕێوەدەچێت و هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانى لەوادەى خۆیدا کراوە.













گەلەری