سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند "هەڵبژاردن تاکە رێگەى نیشتیمانییە بۆ بەرهەمهێنانى پەرلەمانێکى نوێ".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەمیانەى بڵاوکردنەوەى تویتێکدا لە هەژمارى خۆى لە تویتەر ئاماژەى بەوە کرد "ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆتایى بە کارەکانى ئەم خولەى خۆى هێنا وەک دەستپێکێک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت لە رۆژى ١٠ى تشرینى یەکەم".
وتیشى "هەڵبژاردن تاکە رێگەى
نیشتیمانییە بۆ بەرهەمهێنان و دروستبوونى ئەنجومەنێکى نوێى نوێنەران".
ئاماژەى بەوەش کرد "هەڵبژاردن هەروەها
تاکە رێگەى پاراستنى نیشتیمانەکەمان و بونیادنانى دەوڵەتە".
لە تویتەکەیدا کازمى داواى لە هاوڵاتیان کرد
بەئازادانە ئەو نوێنەرانە هەڵبژێرن کە بە نوێنەرى خۆیانیان دەزانن".
وتیشى "بە ئیرادەى خۆتان گۆڕانکاریى
دروست بکەن".
رۆژى یەکشەممە ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١
هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت و لەسەر ئاستى نێوخۆیى و نێودەوڵەتى
پشتیوانییەکى زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانى لە وادەى خۆیدا.