وتەبێژى کۆشکى سپى رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانى عێراق تیشک دەخاتەسەر هاوبەشی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق و ئەو هەماهەنگیە دوولایەنیانەش کە دەکەونە چوارچێوەی رێکەوتننامەی ستراتیژیەوە.
جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی دەربارەی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی
عێراق بۆ ئەمریکا باسى لەوەکردووە، جۆ بایدن سەرۆکى ئەو وڵاتە بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانێتە
پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی لە بەرواری ٢٦ی ئەم مانگە.
وتەبێژەکە ئەوەشى ئاشکراکردووە، سەردانەکە تیشک دەخاتەسەر ئەو بوارانەی بۆ
هەر دوولا جێی بایەخن لە نێویشیاندا پەروەردە و تەندروستی و کلتوری و وزە و دەستپێشخەریەکانی
تایبەت بە کەش و هەوا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکى ئەمریکا بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانێتە بەهێزکردنی هەماهەنگیە
دوو قۆڵیەکان لەگەڵ عێراق لە بواری سیاسی و ئابوری و پرسەکانی تایبەت بە ئاسایش و
لەم نێوەندەشدا هەوڵە هاوبەشەکان بۆ دڵنیایدان لە شکستپێهێنانی درێژخایەنی داعش.
هاوکات، "یو ئێس ئەی ئاند عیراق تودەی" میدیایەکی فەرمی و هاوبەشی
نێوان ئەمریکا و عێراقە و لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نزیکە، لە لاپەڕەی فەرمی
خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، بڕیارە لەکۆبوونەوەکەی بایدن و کازمیدا پرسی کشانەوەی
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سەرنج و پێشنیاری هەردوو وڵاتەکە لەوبارەیەوە تاوتوێ
بکرێت و هەردوو حکومەتیش کاردەکەن بۆ ئەوەی درێژە بگفتوگۆکان بدەن لەوبارەیەوە.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانى عێراقیش رایگەیاند، سەردانەکەى بۆ ئەمریکا بۆ رێکخستنەوەى
پەیوەندییەکانی بەغدایە لەگەڵ واشنتۆن و وتبووشی، عێراق پێویستى بە هێزى شەڕکەرى ئەمریکا
نییە.