ئەندازیارێکی خۆراک ئەنجامی توێژینەوەکان لەسەر کەباب لە هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت، کەباب بە گشتی لە هەرێمدا پێش برژاندن بەکتریایەکی زۆری لەسەرە و دوای برژاندن کەمدەبێتەوە رێژەکەی.
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک لە بابەتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک باس لە کەباب دەکات، کە یەکێکە لە خواردنە باوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لەشکر حەمید دەڵێت، "کەباب سودی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە لەبەر ئەوەی بەشیکی زۆر لە پرۆتینی ئاژەڵی تێدایە لەگەڵ بوونی چەوری ئاژەڵ، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە زیادەڕۆی تێدا نەکرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پرۆتین لە درووستبوونی ماسولکە
و زیندە چالاکییەکانی لەش بەشدارە و دەچێتە پێکهاتەی خوێنەوە، چونکە رێژەیەکی باشی
ئاسنی تێدایە و گرنگە بۆ خرۆکە سورەکانی خوێن و ئۆکسجین دەگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی
تری جەستە، چەورییەکەشی سەرچاوەی ترشە چەورییەکان و وزە و ڤایتامینەکانە."
لەشکر حەمید دەشڵێت، "ئەگەر هاتوو کەباب بە رێژەیەکی
زۆر بخورێت زیان بە تەنروستی مرۆڤ دەگەیەنێت بەهۆی بوونی رێژەی زیاتر لە ٣٥٪ پێکهاتەی
کەباب بە چەوری، کە چەوریەکەشی چەوری تێرە و نا تەندورستانە کۆلسترۆڵ زیاد دەکات و
کار دەکاتە سەر بۆریەکانی دڵ، هاوکات، لەکاتی برژاندندا مادەی ئەماین دروست دەکات
کە کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە."
نووسیوشییەتی، "کەباب
رێژەیەکی زۆری خوێی تێدا بەکاردێت بە جۆرێک کە بۆ یەک کەباب (٧) گم خوێ بەکاردێت کە
مرۆڤ نابێت رۆژانە لە (٦) گم زیاتر خوێ بخوات، لەهەمان کاتدا یوریک ئەسید زیاد دەکات
کە کار دەکاتە سەر جومگەکان و گورچلە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەپێی ئەو توێژینەوە زانستیانەی
لە کوردستاندا لەسەر کەباب کراوە، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە هەموو ئەو نموونانەی
وەرگیراوە لە کەباب پیس بوون بە بەکتریا پێش برژاندن، دواتریش دوای برژاندن بەکتریا
هەر هەبووە؛ بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر، هەروەها رێژەی ٥٣٪ی بەکتریای کۆلیفۆرمی تێدا
بووە پێش براژندن، لە کاتێکدا دوایی برژاندن دابەزیوە بۆ رێژەی ۱۰٪."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بوونی بەکتریا بە رێژەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنبوون
بە سەلامەتی و پاکوخاوێنی."
ئەو ئەندازیاری خۆراکە باسی لەوەکردووە، دەبێت هەوڵ بدرێت
ئەم خاڵانە بە هێند وەربگیرێت:
١.دڵنیا بوون لە سەلامەتی ئەو گۆشتەی کە بەکاردێت بۆ کەباب.
٢.شوێنی ئامادەکردنەکی تا چەندێک تەندروستە .
٣.پاکوخاوێنی کەسێتی ئەو کەسانەی کەباب دروست دەکەن، لەڕووی
پشکنینی تەندروستی کارمەندەکە و بەکارهێنانی کڵاو و سەدریە و دەستکێش بە پێی ڕێنمایەکان .
٤.ئەو شتانەی کە بەکاردێن تاچەند تەندروستن و پاک دەکرێنەوە
بە جوانی .
٥.ئەو ئاوەی بەکاردێت بۆ دەست تەڕکردن بۆ دروستکردنی کەباب
سەرچاوەی سەرکی دروستبوونی نەخۆشیه.
لەشکر حەمید دەڵێت، "گرنگە دڵنیا بینەوە لە کوێ کەباب
دەخۆین و چۆن و چەند دەخۆین تاکو تەندروستیەکی باشترمان هەبێت."
کەباب؛ خواردنێکی باوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و بەشێوەیەکی
گشتی پێک هاتووە لە گۆشتی گوێرەکە یان بەرخ لەگەڵ چەوری ئاژەڵ، بەتایبەتی لەگەڵ
دوگی مەڕ دروست دەکرێت یان لەبەی مەڕو ماڵات.