PM:09:52:06/10/2021
3900 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری رێكارەكان و راهێنان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە سەرجەم شاندەکانی چاودێری هەڵبژاردنەکان گەیشتوونەتە عێراق و دەشڵێت، تەنها ئەو سندوقانە دەگوازرێنەوە بەغدا کە سکاڵا و تانەیان لەسەر بێت.
داود سەلمان خەزیر بەڕێوەبەری رێكارەكان و راهێنان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، "سندوقەكان لە ناوەندەكانی دەنگدانەوە بۆ ناوەندەكانی تۆمار دەگوازرێنەوە و بە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیان دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی پارێزگاكان دەبردرێن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها ئەو سندوقانە دەگوازرێنەوە
بۆ بەغدا کە تانەیان لەسەر بێت.
دەشڵێت، بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران تایبەت بەو سندوقانە
ئەوەیە کە لەدوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەریان بە دەست جیابکرێنەوە و دەنگەکان
بژمێردرێنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە چوار رۆژی دیکە و لە ١٠ی ئەم
مانگەدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەنجامبدرێت و پەرلەمانی عێراقیش
رایگەیاندووە، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.