سەردێڕ:

وادەى دەستپێکردنى خوێندن لەم زانکۆیەى کوردستان دیارى کرا

PM:09:00:06/10/2021

10068 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانیدا وادەى دەستپێکردنى خوێندن بەشێوەى خوێندنى ناو کەمپەس دیارى کرا و لەبارەى بەشە ناوخۆییەکانیش بڕیاردرا.


زانکۆى سلێمانى لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنەکەدا بەکۆى دەنگ بڕیاردرا بە دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) بەشێوەی خوێندنی ناو کەمپەس لە ڕێکەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١) ەوە بەپێی خشتەی وانەکان لە کۆلێجەکانیان.

ئاماژە بەوەش کراوە "ھاوکات لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا و لەپێناو کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو ھەزاران خوێندکاری نیشتەجێبووی بەشەناوخۆییەکاندا وبەردەوامی پرۆسەی خوێندن بەسەرکەوتوویی لەناو کەمپەسدا وڕێگریکردن لەھەر ئەگەرێکی نەخوازراو وەک قۆناغی یەکەم بریاردرا بە: کردنەوەی بەشەناوخۆییەکان لەڕێکەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١)ەوە بەڕووی خوێندکاراندا بەو مەرجە دەبێت ؛کە خوێندکار ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتبێت بەڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان وھەڵگری (کارتی کوتانی کۆڤید-١٩) بێت.

ئەوەش روونکراوەتەوە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە وەک ئاسانکارییەک لە ڕێکەوتی (١٢-١٠-٢٠٢١)ەوە ئەو خوێندکارانەی بەشەناوخۆییەکان کە تا ئێستا ھیچ ژەمێکی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە دەتوانن بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانەوە گشتاندنی پێدەکرێت سەردانی مەڵبەندی تەندروستی زانکۆ لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بکەن ؛ یان سەردانی ھەر سەنتەرێکی تری تایبەت بەپێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بکەن.













گەلەری