سەردێڕ:

وێنە.. لە تانجەرۆوە خۆپیشاندان دەستی پێکرد

PM:05:00:06/10/2021

4852 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، دانیشتووانی حەوت گوندی تانجەرۆ لە سلێمانی، دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و رێگای سەرەکی ناوچەکەی خۆیان گرتووە.


کارزان تاریق پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، کە دانیشتووانی ئەو گوندانە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دوکەڵی کارگە و تەنکەرەکان و خراپی رێگاوبانەوە خۆپیشاندان دەکەن و رێگای سەرەکیان گرتووە.

هاوڵاتیان ئاماژە بەوەدەکەن، بەهۆی ئەوەی بارهەڵگری زۆر بەسەر رێگاکەدا دەڕوات بە تەواوی رێگاکە خراپ بووە و ژینگەی گوندەکەشیان پیسە بەهۆی بوونی کارگەی زۆر لەو ناوچانە.

باس لەوەشدەکەن، کە ئەوان شوێنەکەیان لەسەر رێگای کانی سپیکەیە، هاوڵاتیەکیش دەڵێت، "پێشتر شوێنەکەمان ناوەندێکی سەرەکی پێشمەرگە و کۆبوونەوەکانیان بووە و هاوکارییەکان لەوێوە بۆ پێشمەرگەکان دەچوو"، داواش دەکات، " بەرپرسانی هەرێم تەنها لەبەر خاتری ئەو مێژووە یارمەتی ئەو خەڵکە بدەن و خزمەتگوزاریان بۆ بهێنن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، هاوڵاتیانی هەرێم بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی ئابوری و گرانی شت و مەکەوە دەناڵێنن و لە چەندین ناوچەکانی کوردستانەوە هاوڵاتیان داوای خزمەتگوزاری لە حکومەتی هەرێم دەکەن و هاوڵاتیانیش دەڵێن، "کە حکومەت گوێیان لێناگرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە چوار رۆژی دیکە و ١٠ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەشێکی هاوڵاتیانیش دەڵێن، "لەم هەڵبژاردنەدا حەقی خۆمان دەکەینەوە."

 

 













گەلەری