سەردێڕ:

مامۆستایانی وانەبێژ لە بەشێک لە شارەکانی هەرێم گردبوونەوە

AM:10:57:06/10/2021

2712 جار خوێندراوەتەوە

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و داوای "دامەزراندنی هەمیشەیی" دەکەن.


مامۆستایانی وانەبێژی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەمەبەستی داواکردنی "دامەزراندن" گردبوونەوە و هەڕەشەی "بایکۆتکردن"ی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن لە دوای ١٢ی مانگەوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "چەندین ساڵە سەرباری سەختی دۆخی ئابوریمان، نەمانهێشتووە کەرتی پەروەردە توشی شکست ببێت، بۆیە داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەین."

ئەوەشی خستەڕوو، "داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین کە دەرگای دامەزراندن بە رووماندا بکاتەوە و چیتر چینایەتی لە وەزارەتەکەدا نەکات."

ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم دەشڵێت، "ئەگەر بەدەم داوەکەمانەوە نەیەن، لە دوای رۆژی ١٢ی مانگەوە دەست بە ناڕەزایەتییەکانمان دەکەینەوە."

لەلایەکی تریشەوە، مامۆستایانی وانەبێژ لە قەزای رانیەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین گردبوونەوە و نوێنەرێکی مامۆستایانیش وتی، "ماوەی چەندین ساڵە لەچەندین رێگاوە داوای دامەزراندن دەکەین، بەڵام حکومەت بەدەم داواکەمانەوە نەهاتووە."

ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژی راپەڕین وتووشییەتی، "لە سەرجەم پەروەردەکان بڕیارمان داوە لە دوای ١٢ی مانگەوە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەین و ناچینەوە هۆڵەکانی خوێندن."

لە مانگی ٢ی ئەمساڵەوە بەپێى بەشە وانەکان شایستەى داراییان بۆ خەرج دەکرێت و ئەوەش نارەزایەتییەکى زۆرى لەلاى مامۆستایانى وانەبێژ دروستکردووە و بەشێک لە مامۆستایانى وانەبێژ وەکو نارەزایەتییەک خۆپیشاندانیان لەبەردەم پەروەردە جیاوازەکان و ئەنجومەنى وەزیران ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ دامەزراندنیان.

لە هەرێمى کوردستان نزیکەى ٢٠ هەزار مامۆستای وانەبیژ هەیە کە ئەمانە دانەمەزراون و پێشتر حکومەتى هەرێم شایستەیەکى دیاریکراوى بۆ بڕیبوونەوە بەبڕى ٣٠٠ هەزار بۆ مامۆستایانى هەڵگرى بروانامەى بەکالۆریۆس و ٢٥٠ هەزار دینار بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم.

 













گەلەری