سەردێڕ:

تاڵیبان و ئێران رێککەوتنێکیان واژۆکرد

AM:09:13:06/10/2021

7132 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند، بە ئامانجی پەرەدان بە چالاکی بازرگانی له‌ دەروازە سنورییەکان، رێککەوتننامەی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد کە تیایدا، کۆتایی بەکۆسپەکانی بازرگانی نێوان هەردوولا دەهێنێت.


لە پێگەی خۆی لە تویتەر زەبیحوڵڵا موجاھید وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ ئێراندا لەسەر کۆمەڵێک بابەت بۆ ئەنجامدانی ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، گەیشتوونەتە رێککەوتن.

وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتننامەکە لە ١٦ بەند پێکھاتووە و ئامانج لێی کۆتاییھێنان بووە بە کۆسپەکانی بەردەم بواری بازرگانی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، رێککەوتننامەکە بەندەکانی تایبەت بە زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن لە دەروازەی سنوری ئیسلام قەلعە بۆ ھەشت کاتژمێر، فراوانکردنی رێگاکانی نێوان ئەفغانستان و ئێران، نوێکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە گومرگ و لێکۆڵینەوە لە گرفتەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی تێدایە.

لەگەڵ ئەوەشدا، گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی تایبەت بە سوتەمەنی، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پشکنینی کۆرۆنا بۆ شۆفێرە ئەفغانییەکان، ئاسانکاری ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە تەندروستی و گەشتوگوزار لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەی نێوان تاران و کابوڵ بوون.

رۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵ، بزوتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست و کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکرد و کۆتایی بە حوکمی ئەشرەف غەنی هێنا.

ئێران و ئەفغانستان ٩٤٥ کیلۆمەتر سنووری ھاوبەشیان ھەیە و تیایدا دەروازە سنوورییەکانی ئیسلام قەلعە، ئەبو نەسڕ فەراھی و زەرەنج لەنێوانیاندا هەن.













گەلەری