سەردێڕ:

زیانی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە ئەنجامی پەککەوتنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئاشکراکرا

PM:03:08:05/10/2021

5792 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی پەککەوتن و راوەستانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپەوە، هەریەک لە کۆمپانیا گەورەکانی گوگڵ و ئەپڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت زیانی گەورە بەر پشکەکانیان کەوتووە.


ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆمپانیای فەیسبوک گەورەترین زیانی بەرکەوتووە بەجۆرێک بەڕێژەی ٤.٨٩% پشکەکانی لەدەستداوە کەدەکاتە ٣٢٣ ملیۆن و ٢٣٠ هەزار دۆلار.

ئاماژەی بەوەشداوە، پشکی کۆمپانیای گۆگڵ بەڕێژەی ٢.١١% و پشکی کۆمپانیای ئەپڵ بەڕێژەی ٢.٤٦% و پشکی کۆمپانیای ئەمازۆن بەڕێژەی ٢.٨٥% و کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەڕێژەی ٢.١% زیانیان بەرکەوتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارەی رابردوو بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیهانییەکان لەکارکەوتن و لەناویشیاندا فەیسبووک و واتس ئەپ و ئینستاگرام بوونی هەبوو.

رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دوو ئەندامی تیمی ئاسایشی فەیسبوک کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرابکرێت رایانگەیاندووە، "لەکارکەوتنی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنیی و هاککردن ناگەڕێتەوە، هاوکات بەهۆی تەکنەلۆژیاکانی ئەپڵیکەیشنەکەشەوە، بەیەکجاری ئەپڵیکەیشنەکە لەکارنەکەوتووە".

ماڵپەڕی "روسیا تودەی" قەبارەی زیانە سەرەتاییەکانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "رێژەی پشکەکانی کۆمپانیای فەیسبوک بەبەهای ٣٢٣.٥٦ ملیۆن دۆلار دابەزیوە، کە ئەمەش دەکاتە رێژەی ٥.٥٪".

هاوکات شارەزایانی ئابوری جیهانیش ئاشکرایانکردووە، کە لە هەر کاتژمێرێکدا، خاوەنی کۆمپانیای فەیسبوک بەهۆی راوەستانی ئەپڵیکەیشنەکەوە، بڕی ١٦٠ ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی فەیسبوک، ئەپڵیکەیشنەکە "یەک ملیار و ١٩ ملیۆن بەکارهێنەری رۆژانەی هەبووە، هەندێک لە خەمڵاندنەکانیش، فەیسبوک بە "خێزانی ئەپڵیکەیشنەکان" ناودەبەن.

كـ، ئـ













گەلەری