سەردێڕ:

لەماوەی داخستنی فەیسبووکدا؛ ٥٠ ملیۆن بەشداربووی نوێ پەیوەندییان بە تێلیگرامەوە کردووە

PM:02:48:05/10/2021

2528 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای تێلیگرامی روسی رایگەیاند، دوای ئەوەی فەیسبوک و ئینستاگرام و واتسئەپ لەکارکەوتن، نزیکەی ٥٠ ملیۆن بەشداربووی نوێ لەسەرتاسەری جیهاندا پەیوەندییان بە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرامەوە کردووە.


یوری کیجیکین بەڕێوەبەری بەشی شیکاری لە TGStat، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی روسیا تودەی رایگەیاند، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان لە چەند کاتژمێری راوەستان و لەکارکەوتنی بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ٥٠ ملیۆن بەشداربووی نوێ تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرامیان بەکارهێناوە.

کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارەی رابردوو بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیهانییەکان لەکارکەوتن و لەناویشیاندا فەیسبووک و واتس ئەپ و ئینستاگرام بوونی هەبوو.

رۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دوو ئەندامی تیمی ئاسایشی فەیسبوک کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرابکرێت رایانگەیاندووە، "لەکارکەوتنی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی و هاککردن ناگەڕێتەوە، هاوکات بەهۆی تەکنەلۆژیاکانی ئەپڵیکەیشنەکەشەوە، بەیەکجاری ئەپڵیکەیشنەکە لەکارنەکەوتووە".

تێلیگرام Telegram تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە و لەلایەن بافێڵ دۆرۆف و نیکۆلای دۆرۆفی برایەوە، دوو بازرگانی روسییەوە دروستکرا و لەساڵی ٢٠١٣ وەک ئەپڵیکەیشنێکی بچوک کەوتەکار، لەساڵی ٢٠١٨ مانگانە ٢٠٠ ملیۆن بەرکارهێنەری نوێ پەیوەندییان پێوەکردووە.

كـ، ئـ













گەلەری