سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی گۆڕانکاری نرخی دۆلار

AM:11:49:05/10/2021

38348 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، گۆڕانکاری لە نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بووەتە هۆکارێک بۆ راگرتنی رووخانی داهاتی نەختینەیی بانکی ناوەندی و پاڵپشتکردنی وەبەرهێنان.


وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، وەزارەتەکە بە بەردەوامی چاودێری ئاڕاستە و کاردانەوەکانی گۆڕانی نرخی دیناری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی کردووە، ئەم کۆڕانکاریانەش وایکردووە پشکی دراوی نخینەیی لە بانکی ناوەندی لە ٥٤ ملیار دۆلارەوە زیادبکات بۆ ٦٠ ملیار دۆلار.

ئەوەش هاتووە، گۆڕانکاری لەنرخی دۆلاریشدا وایکردووە خواست لەسەر دراوی بیانی کەمبێتەوە و ئەمەش بەشێوەیەکی ئەرێنی وەبەرهێنانی کەمکردووەتەوە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیادکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاماژەکان ئەوەیاندەرخستووە کەوا جموجۆڵی بازرگانی لە نۆ مانگی رابردوودا گەشەی کردووە و رێگریش بووە لە خنکاندنی بازاڕی عێراق لە بەرهەمی سوکی هاوردەکرا و کە دەبێتە هۆی زیانپێگەیاندنی بەرهەمی نێوخۆیی وڵات.

رایشیگەیاند، وەزارەتی دارایی کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو داهات و پارانەی کە بە دەستهێنراوە بۆ بونیاتنانەوەی بەرهەمێکی بەسوود بەدەر لە کەرتی نەوت و پشتبەستن بە کەرتەکانی دیکە کە ئەمەش وادەکات خواست لەسەر دۆلار کەمبکاتەوە .

پێشتریش مەزهر محەمەد ساڵح راوێژکارى دارایى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، "پێشبینى دەکرێت بەهاى دینارى عێراقى بەرەو باشى بچێت و ئەم کارەش بۆ سیاسەتى نەختینەى وڵات بەجێدەهێڵرێت".

ئەوەش لەکاتێکدا، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار بەرزبکاتەوە و لە دوای ئەو کاتەشەوە چەند جارێک بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بە زیاتر لە ١٤٧ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.













گەلەری