سەردێڕ:

چەند لیژنەیەکى دادوەرى بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردن پێکدەهێنرێت

AM:10:36:05/10/2021

3216 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق پێکهێنانى چەند لیژنەیەکى دادوەرى بۆ چاودێریکردن و پاراستنى هەڵبژاردنە پێشوەختەکە لە هەر سەرپێچییەکى یاسایى، پێکهێنا.


ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "ئەنجومەنەکە لەدواهەمین کۆبوونەوەیدا بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى دادوەریدا لەسەرجەم دادگاکان بەگوێرەى دابەشکردنى بنکەکانى دەنگدان بۆ وەرگرتنى سکاڵاى لیژنە ئەمنییە پێکهێنراوەکان لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە بۆ پاراستنى هەڵبژاردنەکە لە هەر سەرپێچییەکى یاسایى کە لە رۆژى هەڵبژاردنەکەدا رووبدات".

رونیشکراوەتەوە "ئەنجومەنەکە هەروەها بڕیاریدا دادگاکان رابسپێرێت بۆ توندکردنەوەى لێپێچینەوە یاساییەکان دەرهەق هەر کەسێک کە دەستدرێژى بکاتە سەر وێنە و بانگەشەى کاندیدەکانى هەڵبژاردن".

هاوکات لیوا تەحسین خەفاجى وتەبێژى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەى بەوە کرد کە "بەشى فڕۆکەوانى سوپاى عێراق بەشێکى گرنگە لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە و بەرپرسیارى گواستنەوەى سندوقەکانى دەنگدان دەبێت لە پارێزگاکانەوە بۆ کۆگاکانى کۆمسیۆنى باڵاى هەلبژاردنەکان لەشارى بەغدا".

وتیشى "مۆڵەتى سەرجەمى هێزە چەکدارەکان راگیراوە و دەوامکردنى تەواوەتى کراوەتە مەرج".

بڕیارە رۆژى ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەبچێت و لەئاستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى پاڵپشتییەکى زۆر بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لەوادەى خۆیدا لەئارادایە.













گەلەری