پاش ئەوەی سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ هەریەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوک و ئینستاگرام وەستان، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری تیمی ئاسایشی فەیسبوکەوە بڵاویکردەوە، "هێرشی هاککردن نەکراوەتەسەر فەیسبوک، بەام ئەپڵیکەیشنەکە وەستاوە و لە هەوڵی چارەسەری کێشەکەدان."
رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دوو ئەندامی تیمی ئاسایشی فەیسبوک کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرابکرێت رایانگەیاندووە، "لەکارکەوتنی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنیی و هاککردن ناگەڕێتەوە، هاوکات بەهۆی تەکنۆلژیاکانی ئەپڵیکەیشنەکەشەوە، بەیەکجاری ئەپڵیکەیشنەکە لەکارنەکەوتووە".
لەلایەکی تریشەوە، ئاندی ستۆن وتەبێژی
فەیسبوک لەپێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "ئێمە ئاگاداری کێشەکەین و
لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی بەخێرایی کێشەکە چارەسەر ببێت". وتیشی،
"داوای لێبوردن دەکەین بەهۆی راوەستانی ئەپڵیکەیشنەکەوە".
هاوکات، تیمی پەیوەندییەکانی ناوخۆی
فەیسبوکیش لەکارەکانیان وەستان و زۆرێک لەکارمەندەکانیان لەشوێنی کارەکانیان بەبێ
ئیشکردن چاوەڕوانیان دەکرد، دوو کارمەندیش بە میدیاکانیان وتووە، "ئەمڕۆ وەک
ئەو رۆژانەیە کە بەفر دەبارێت و ناتوانین کار بکەین".
لەوبارەیەشەوە، ماڵپەڕی رۆیتەرز بڵاویکردەوە،
"هەژماری تۆڕەکانی فەیسبوک و ئینستاگرامی هەزاران کەس لەکارکردن وەستاوە و هێشتاش
کۆمپانیای فەیسبوک هۆکاری وەستانەکەی روون نەکردووەتەوە".
کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئەم ئێوارەیەوە بەشێک لە
تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیهانییەکان لەکارکەوتوون و لەناویشیاندا فەیسبووک و واتس ئەپ و
ئینستاگرام بوونی هەیە.
نـ، غـ