سەردێڕ:

ساڵانە ٦٥٧ ملیۆن دۆلار لە عێراق بۆ کڕینی جگەرە خەرجدەکرێت

PM:02:55:04/10/2021

2128 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ساڵانە ٦٥٧ ملیۆن دۆلار لە کڕینی جگەرەدا خەرجدەکرێت، بۆ ئەم دۆخەش حکومەتی مستەفا کازمی سەرقاڵی دانانی کۆتی نوێ و بەرزکردنەوەی بڕی باجە لەسەر جگەرەی هاوردەکراو.


ئەمڕۆ دووشەممە، ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدید لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، هاوڵاتییان رۆژانە بەبەهای یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار جگەرە دەکڕن و بەمەش ساڵانە نزیکەی ٦٥٧ ملیۆن دۆلار لە کڕینی جگەرەدا خەرجدەکرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بابەتی بە قاچغبردن و هاوردەکردنی کاڵا و شمەک یەکێکە لەو کەیسانەی بەچارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

دەشڵێت، بڕێکی زۆری جگەرەی هاوردەکراو لە وڵاتانی سوریا و ئێران و تورکیاوە بەڕێگەی نایاسایی دەهێنرێتە ناوخۆی عێراقەوە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ئەوەی لە بودجەی ٢٠٢٢دا کۆتی نوێ و باجی زیاتر بخرێتە سەر هاوردەکردنی جگەرە.

لەبارەی رێژەی جگەرەکێشان لە عێراقدا، بەرپرسەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وتیشی، لە کۆی ٤١ ملیۆن لە دانیشتوانی عێراق، نزیکەی ١٤ ملیۆن جگەرەکێش هەیە و کە ئەمەش دەکاتە ٣٥٪ى دانیشتوان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە بودجەی ٢٠٢١دا بە رێژەی ١٠٠٪ باج خراوەتە سەر هاوردەکردنی توتن و ٢٠٠٪ باج خراوەتە سەر هاوردەکردنی خواردنەوە کهولییەکان.


کـ ، ئـ








گەلەری