سەردێڕ:

بانکی ناوەندی دۆلارێکى زۆرى خستە بازاڕەوە

PM:12:57:04/10/2021

8612 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئامارێکی بانکی ناوەندی عێراق، لەمانگی ئەیلولدا بانکەکە زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە بەشێک لەو هەنگاوە بەمەبەستی جێگیرکردنی نرخی دۆلار بووە لەبازاڕی دراوەکانی وڵاتدا.


ئەمرۆ دووشەممە، بانکی ناوەندی عێراق ئاماری مانگانەی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەمانگی ئەیلولدا بڕی چوار ملیار و ٤٤٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەشێک لە خستنە بازاڕی ئەو بڕە پارەیە بەمەبەستی جێگیرکردنی نرخی دۆلار بووە لە بازاڕەکانی دراودا لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، تێکڕای نرخی یەک دۆلار لە مانگی ئەیلولدا ١٤٦٠ دینار بووە، بەمەش نرخی ١٠٠ دۆلار ١٤٦ هەزار دینار بووە.

ئامارەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەشێک لەو پارەیەی خراوەتە بازاڕ بەمەبەستی پارەدارکردنی کەرتی بازرگانی بووە لەدەرەوەی وڵات.

ئەمە لەکاتیکدایە، ساڵی رابردوو، حکومەتى عێراق گۆڕانکاری کرد لە بڕ و نرخی فرۆشتنی دۆلاردا و نرخی خستنەڕوی لە ١١٨ ھەزار دینارەوە بەرزکردەوە بۆ ١٤٥ ھەزار دینار، ئەمەش نارەزایەتییەکی زۆری جوتیاران و کاسبکاران و دانیشتوانی عێراق و بەشێک لەدامەزراوە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی زۆرترین توێژێک لە بڕیارەکە زەرەمەند بوون و هاوڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت و جوتیارەکان بوون. بەمەبەستی جێگیرکردنی نرخی دۆلار لە بازاڕی دراوەکان و کەمکردنەوەی کاریگەری بڕیارەکە، بانکی ناوەندی چەند جارێک بڕی زیاتری دۆلاری دەخستە بازاڕاوە تا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار زیاتر بەرزنەبێتەوە.

کـ ، ئـ













گەلەری