سەردێڕ:

لێدوانى راوێژکارێکی کازمی لەبارەى داهات و نرخى نەوتەوە

AM:11:36:04/10/2021

4120 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی ئابوری و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریدا بەرامبەر زۆر گەشبین بوون بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و رایگەیاند، لەجیاتی ئەوە پێویستە بەشێوەیەکی نمونەیی وەبەربهێنرێت. دەشڵێت، "چاکسازی ئابوری لەو کەرتانەوە دەستپێدەکات کە نانەوتین".


ئەمڕۆ دووشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری و دارایی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، دارایی گشتی بەڕێژەی ٩٣٪ لەسەر داهاتی نەوت بەندە.

ئاماژەی بەوەشدا، ناکرێت زۆر گەشبین بین بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵکو پێویستە بەباشترین شێوە وەبەرهێنان لە داهاتەکەیدا بکرێت، چونکە بەشێک خەرجی نەگۆڕهەن کە بەشێک لەداهات دەبەن وەک موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە خەرجییەکان سنورداربکرێن لە بودجەدا، "ژمارەی بێکارەکان بەرزبووەتەوە و هەلی کاریش تەواو کەمی کردووە، ئەمە کێشە گەورەکەیە روبەڕووی بوینەتەوە".

لەبارەی داهاتە نانەوتییەکانیشەوە راوێژکاری ئابوری و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، داهاتە نانەوتییەکان خۆیان بوونەتە گرفتێکی گەورە، چونکە ئیدارەدانێکی دامەزراوەییان نییە و بەمەش گەنجینەی وڵات ناتوانێت بەدەستیان بێنێت، چارەسەرکردنیشی کاتی زۆری پێویستە و گرفتی هەیە.

لەبارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی داهاتە نەوتییەکانەوە وتی، لە ئێستادا داهاتی نەوت باشە، بەڵام ئەگەر پابەندبین بە جێبەجیکردنی یاسای بودجەوە و نرخی گشتی نەوتیش بەرزبێت، دەکرێت دۆخی دارایی عێراق باشتربێت و بەردەوامبێت لە چاکبوون.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، ئەگەر لە بودجەی ٢٠٢٢ سنورێک بۆ خەرجییەکان دابنرێت، ئەوا دەکرێت کورتهێنانی بوجە کەمبکرێتەوە و بەمەش بتوانین کەرتی وەبەرهێنان باشتربکەین.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوزی عەرەبی"، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەکرد، "نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ ١٠٠ دۆلار بەرزدەبێتەوە بەڵام بەردەوام نابێت."

کـ ، ئـ








گەلەری