پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، دانیشتووانی گوندێکی شاری هەولێر لە بەردەم بینای پارێزگای هەولێر گردبوونەتەوە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن.
یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە ئەوەی بە ئێن ئاڕ تی وت، گوندەکەی ئێمە دوو هەزار ماڵ زیاتر و کەمترین خزمەتگوزاری بۆ کراوە و لە نێوان فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمدا ماوین و هیچکامیان گوێ لە داواکارییەکانمان ناگرن.
وتووشییەتی، تەنانەت
لە زستانیشدا کێشەی کەمی ئاومان هەیە و جگە لەوەش کێشەی رێگاوبان و نەبوونی
نەخۆشخانە و قوتابخانەمان هەیە.
یەکێکی دیکە لە
بەشداربووان باسی لەوەکرد، چەندین جار داوامان کردووە داواکارییەکانمان جێبەجێبکرێت
و پارەشی بۆ دەرچووە، بەڵام دواتر پارەکە ونبووە و نازانرێت چی لێهاتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
لە ئێستادا حزبەکانی دەسەڵات دوای ٣٠ ساڵ حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە
بەڵێنەکانی ساڵی رابردوو دەدەنەوە بە هاوڵاتییان لە کاتێکدا کە تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییە
سەرەتاییەکانیان بۆ هاوڵاتییان جێبەجێنەکردووە.
بڕیارە ١٠ی ١٠ هەڵبژاردنی
پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوا لە هاوڵاتییان
دەکەن بە شێوەیەکی فراوان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و ئەو لایەنانە سزا بدەن کە چەندین
ساڵە سەرەڕای ئەوەی لە دەسەڵاتدا بوون، بەڵام خزمەتی هاوڵاتییانیان نەکردووە.