سەردێڕ:

کۆریای باکور هێڵە گەرمەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا خستەوە کار

AM:11:09:04/10/2021

7756 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور رایانگەیاند، هێڵە گەرمەکانی پەیوەندیکردنییان لەگەڵ کۆریای باشور خستووەتەگەڕ و لەیەکەم هەنگاویشدا پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان چەند بەرپرسێکی هەردوولا بەڕێوەچوو.


ئاژانسی هەواڵی یونهاب بڵاویکردەوە، سەرجەم هێڵە گەرمەکانی پەیوەندیکردنی نێوان کۆریای باکور و باشور لە کاتژمێر ١٢ی بەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەم دەخرێنەوەکار.

پێشتر و لە کۆتایی مانگی ئەیلول، کیم یو جۆنگ خوشکی سەرۆکی وڵات و جێگری بەڕێوبەری ئیدارەی لیژنەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کۆریا رایگەیاند، پیۆنگ یانگ ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ لەگەڵ سیئۆلدا و سەرجەم پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوو کۆریادا دەستپێبکەنەوە.

ئاماژی بەوەشدا، پێویستە بۆ گێڕانەوەی سەرجەم پەیوەندییەکان و سازدانی دیداری لوتکە لەنێوان سەرۆکی هەردوو وڵاتدا، لەسەر بنەمای رێزگرتن و نیازپاکى لە نێوان هەردوولا بێت.

ئەمەش دوای ئەوەدێت پێشتر مون جێ ئین سەرۆکی کۆریای باشور لەراگەیەنراوێکیدا کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان هەردوو کۆریای باشور و باکوری راگەیاند.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاشکرایکرد، لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا سەرجەم هێڵە گەرمەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆریای باشور دەخرێنەوە کار، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی خراونەتەگەڕ بە ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییە ساردەکانی نێوان هەردوولا.


کـ ، ئـ













گەلەری