سەردێڕ:

دادگاییکردنی چوار چالاکوانی بادینان دواخرا

AM:09:32:04/10/2021

3828 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەرێکی دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگاییکردنی چوار چالاکوانی دەستگیرکراوی دیکەی بادینان دواخرا، بەهۆی گواستنەوەی دوو دادوەرەوە.


هەرێم رەفعەت پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگاییکردنی چوار چالاکوانی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی گواستنەوەی دوو دادوەرەوە دادگاییکردنەکە دواخراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمڕۆ دادگای هەولێر سەلماندی هیچ بڕیارێکی بەدەستخۆی نییە، بەڵکو ئاڕاستە کراوە."

باسی لەوەشکردووە، "دادگا بە چەند بیانوویەکی وەک وردبینیکردن و گواستنەوەی دادوەرەکان و نەهاتنی دادوەرەوە چەند جارێکە دادگاییکردنەکان دوادەخات، بەڵام ئەگەر چاودێری دادگا هەبوایە دەبوو ئەو کەسانەی هۆکاری ئەم دواخستنانەن دادگایی بکرێن و سزابدرێن."

راشیگەیاندووە، ئەو چوار چالاکوانەی بڕیاربوو دادگایی بکرێن بریتین لە: مەسعود عەلی، شیروان تەھا ئەمین، بەندەوار رەشید و کارگەر عەباس.

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگا بڕیارەکەی پەسەند کرد.













گەلەری