سەردێڕ:

هۆشدارییەک لە تەندروستییەوە؛ چەندین منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانەوە دێنە نەخۆشخانە

PM:09:51:03/10/2021

35312 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی لە دوو هەفتەی رابردوودا سێ منداڵ لە نەخۆشخانە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی گیایەوە گیانیان لەدەستداوە و رۆژانە چەندین منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانە گیاییەکان روودەکەنە نەخۆشخانەکەیان.


سینەم منداڵێکە و ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونییەتی بەڵام لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، بەهۆی وەرگرتنی دەرمانی چارەسەری گیایی، نەخۆشکەوتووە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

سینەم، لە تەمەنی هەشت مانگیدا دوای ئەوەی نەخۆش دەکەوێت، بە دایکی دەڵێن، بەبۆن کەوتووە ئەویش لەسەر رێنمای ژنێک هاڕاوەی مێخەک بە منداڵەکەی دەدات.

پزیشکەکان وتوویانە، بەهۆی مێخەکەکە، بەشێک لە ریخۆڵەی لەدەستداوە و بە نەشتەرگەری گیانیان لە مردن رزگارکردوە.

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی منداڵان، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا سێ منداڵ لە نەخۆشخانە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی گیایەوە گیانیان لەدەستداوە.

لای خۆشییەوە، پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان بۆ ئێن ئاڕ تی، ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە رۆژانە چەندین بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانە گیایەکان روودەکەنە نەخۆشخانەکەیان.

پشدەر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، "دایکان و باوکان بەشێکن لە گرفتەکە لەوەی، زوو منداڵەکە بۆ نەخۆشخانە ناهێنن و کاتێکیش منداڵەکە دەهێنن زوو ئاگادارمان ناکەنەوە لەوە ئەو جۆرە دەرمانەی بەکارهێناوە و پێمان ناڵێن لە کوێ ئەو دەرمانانەیان وەرگرتووە."

بەکارهێنانی دەرمانی گیایی بۆ منداڵان دیارەیەکی نوێ نییە، لە سۆراخی ئێن ئاڕ تیدا بۆمان دەرکەوت، بەشێک لە دەرمانخانە گیاییەکان بەبێ مۆڵەت و بەشێکیشیان ئاشکرا کاردەکەن و وەزارەتی تەندروستیش، تاوەکو ئێستا هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو دەرمانخانانەدا ناکات، پەیوەندییان بە کردنەوە و داخستنیانەوە نییە.














گەلەری