سەردێڕ:

پارێزگارى هەولێر لەسەر گرانبوونی نرخی غاز روونکردنەوە دەدات

PM:04:29:03/10/2021

8340 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی کەمی غازەوە تاڕادەیەک نرخەکەی بەرزبووەوە، بەڵام لە ئێستادا نرخى هەر بوتڵێک غاز بە هەشت هەزار و ٥٠٠ دینارە و "هەر کەس بە گرانتر بیفرۆشێت سزادەدرێت."


ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە چەند رۆژى رابردوو بەهۆى کێشەیەکى تەکنیکى بڕێکى کەمى غازى ماڵان دەگەیشتە شارەکەمان کە نەدەتوانرا پێداویستى تەواوى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دابین بکات."

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمەش وایکرد لەلایەن چەند کەسانێکەوە ئەو هەلە بقۆزرێتەوە و نرخى غازى ماڵان تا رادەیەک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت."

باسی لەوەشکردووە، "دڵنییاى بە هاوڵاتییانى هەولێر دەدەین لە ئێستادا بڕى پێویستى غازى ماڵان گەیشتووەتە شارەکەمان و نرخى هەر بوتڵێک غاز لە هەشت هەزار و ٥٠٠ دینار زیاتر نییە، هەر کەس و لایەنێک لەو نرخە زیاتر غاز بفرۆشێت بەهاوڵاتییان ئەوا دووچارى رێکارى یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێک لە هەولێر کێشەی نەبوون و گرانبوونی نرخی غاز سەریهەڵدابووەوە و بەشێک لە شارەزایان و هاوڵاتیان هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخی غاز دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی حکومەت پشتگیری کەرتی سوتەمەنی ناکات و هەمووی رادەستی کەرتی تایبەت کردووە، ئەوانیش بە ویستی خۆیان یاری بە نرخەکان دەکەن کە دواجار بارگرانی لەسەر گیرفانی خەڵکی دروست دەکات.

 













گەلەری