سەردێڕ:

یەکەم وێنەی نزیکی هەسارەی عەتارد بڵاوکرایەوە

PM:01:36:03/10/2021

6760 جار خوێندراوەتەوە

مانگی دەستکردی بیبی کۆڵۆمبۆ یەکەم وێنەی هەسارەی عەتاردی لە دووری ٢٠٠ کیلۆمەتر چرکاند و رەوانەی سەر زەوی کردەوە.


ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئاژانسەکە لەگەڵ ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆنی لەساڵی ٢٠١٨ مانگی دەستکردی بیبی کۆڵۆمبۆیان رەوانەی ئاسمان کرد تا لە خولگەی هەسارەی عەتارد جێگیری بکەن، بۆ یەکەمجار وێنەیەکی ئەو هەسارەیەی رەوانەی زەوی کرد کە لە دوری ٢٠٠ کیلۆمەترەوە چرکاندوویەتی.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی، کامێراکانی مانگە دەستکردەکە وێنەی رەش و سپی هەسارەی عەتاردی گرتووە لەکاتی سوڕانەوەیدا بەدەوری هەسارەکەدا، بەڵام کاتێک گەیشتووەتە ئەو بەشەی هەسارەکە کە شەو بووە، دۆخەکە گونجاو نەبووە بۆ چرکاندنی وێنەکە لە نزیکترین خاڵ لێیەوە کە ١٩٩ کیلۆمەتر لێیەوە دوور بووە، پێشتر نزیکترین وێنەی هەسارەکە کە چرکاندوویەتی لە دووری هەزار کیلۆمەتر بووە.

لەوێنەکاندا چاڵی گەورە لەسەر روی هەسارەی عەتارد دەرکەوتووە کە بەهۆی تەقینەوەی گرکانەکانەوە دروستبوون پێش چەندین ملیار ساڵ.

لەلایەن خۆیەوە، ئەلیسا مۆنتانیۆن بەرێوبەری کارەکانی مانگە دەستکردەکە رایگەیاند، ئەوە بابەتێکی سەرنجڕاکێشە، دواجار ئامانجەکەیان پێکا و نزیکترین وێنەی هەسارەکەیان چرکاندووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی لەگەڵ ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆنی لەساڵی ٢٠١٨ مانگی دەستکردی بیبی کۆڵۆمبۆیان رەوانەی ئاسمان کرد کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە خولگەی هەسارەی عەتارد جێگیر بکرێت، کە ئەرکی سەرەکی مانگە دەستکردەکە گەڕان و پشکنینە بە مەبەستی تۆمارکردن و کۆکردنەوە و رەوانەکردنی نوێترین زانیاری و وێنە لەبارەی ئەو هەسارەیەوە.


کـ ، ئـ








گەلەری