سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى زانیارى لەسەر هێرشى چەند چەکدارێک بۆ سەر هاوڵاتییەک لەشارى سلێمانى بڵاودەکاتەوە

AM:11:49:03/10/2021

27812 جار خوێندراوەتەوە

لە گرتەیەکى ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە، چەند چەکدارێک هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتییەک و بەقۆناغە تفەنگ لێى دەدەن.


لەبەدواداچوونێکی ئێن ئاڕ تیدا دەرکەوتووە، رووداوەکە لەسەر شەقامى گشتى گەڕەکى بەختیارى (شەقامى پۆزەکە) بووە و ئەو چەکدارانە کێشەى زەوى و زارییان لەگەڵ کۆمپانیاى دەروازەدا هەیە و ئەو کەسەى کە لێى دراوە یەکێک بووە لە بەڕێوبەرانى ئەو کۆمپانیایە.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى بنکەى پۆلیسى بەختیارى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات و بەهۆى بەردەوامى لێکۆڵینەوەکان هیچ لێدوانێکیان نەدا.

سەرکەوت ئەحمەد بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند "ئەو کەسەی لێی دراوە سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمار کردوە کە لە پشت هێرشەکەوەیە و حاکمیش فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردوە و بەدوایەوەین تا دەستگیری دەکەین".

وتیشى "کێشەکە لەسەر زەوی و زارە".

وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى هیچ زانیاریەکی لەسەر چەکدارەکان و ئەو کەسە نەدا کە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.

 

ئێن ئاڕ تى زانیوویەتى "شەوى رابردوو هێزێکى زۆر لەنزیک شوقەکانى دەروازى ستى کۆکراونەتەوە".

روداوەکە لە کاتێکدایە بەرپرسانى یەکێتى لەشارى سلێمانى بەڵێنى ئەوەیان دابوو کە ئارامى و هێمنى ئەم شارە بپارێزن و هۆشدارییان دابوو لە تێکدانى ئارامى ئەم شارە.

 

ڤیدیۆکە لێرەوە ببینە: 













گەلەری