وتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بەدەستهێنانى چوار دەستکەوتى لەدواى پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لەگەڵ هەرێمى کوردستان راگەیاند.
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق رایگەیاند، "پێکهێنانی ژووری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان چەندین دەستکەوتی گرنگ بەدەستهاتووە، لەوانە پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش کە دەکەونە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی ناوەند و هەرێم، کە چەکدارانی داعش تیایدا چالاکن".
ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاڵوگۆڕی
زانیاریی و پەیوەندیی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمدا دروستکردووە بۆ لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان.
خەفاجى باسی لەوەشکرد، هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ڕێگریکردن
لە قاچاخچێتیی و ڕێگریکردن لە بوونی گروپە چەکدارەکان و بەدواداچوونیان لەنێوان هەردوولادا
زیادیکردووە.
ئەمە لە کاتێدایە، لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵدا،
لیژنەی سەربازی لە حکومەتی عێراق رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی
کوردستانى لەسەر پێکهێنانی شەش ناوەندنی هەماهەنگی هاوبەش راگەیاند بۆ پڕکردنەوەی
بۆشایی ئەمنی ناوچە دابڕێنراوەکان.
پێشتر جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
رایگەیاند، ناوەندەکان ئەفسەرانی پێشمەرگە و سوپا لەخۆدەگرن و هەر ناوەندەی دوو
فەرماندەى دەبێت، یەکێکیان لەبەغدا و ئەوەی تریان لە هەولێر و چوارەکەی تریش لە
شارەکانی دیالە و خانەقین و کەرکوك و مەخمور و نەینەوا.