سەردێڕ:

گەردەلولی شاهین دەگاتە عێراق؟ کەشناسى روونکردنەوە دەدات

AM:09:16:03/10/2021

104376 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی عێراق لە بارەی گەیشتن و کاریگەری گەردەلولی شاهینەوە لەسەر کەشوهەوای عێراق دڵنیاییدا و ئاماژەى بەوە کرد کە گەردەلولەکە ناگاتە عێراق، ئەمەش دواى ئەوەی بەهۆیەوە لە ئێران پێنج راوچی بێ سەروشوێن بوون و هەریەک لە ئیمارات و عومانیش هۆشدارییاندا.


عامر جابری بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دوای ئەوەی پەیوەندییان بە بەشی پێشبینییەکانی کەشوهەواو و چاودێری بومەلەرزەی دەستەی کەشناسییەوە کردووە، دڵنیاییانداوە کە گەردەلولی شاهین ناگاتە عێراق و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەشوهەوای وڵات بەگشتی نابێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هەڵکردنی گەردەلولی شاهین و بارینی بارانێکی بەخوڕ لە شاری چابهار لە باشوری سیستان و بلوجستان لە دووری ١٠٠ کیلۆمەتر لە بەندەری چابهارەوە، لەو بەندەرە دوو بەلەم نقوم بوون و پێنج راوچی ماسی بێ سەرو شوێن بوون.

موجتەبا خالیدی وتەبێژ بەناوی رێکخراوی روداوە کتوپڕەکانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی هەڵکردنی گەردەلولی شاهین و بارینی ئەو بارانە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ٥٢ هاوڵاتی بە مەبەستی چارەسەرکردن سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و سیانییان پێویستییان بەوەبووە لە نەخۆشخانە بمێننەوە، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، جەلالەدین قاسری بەڕێوەبەری گشتی کاروباری گواستنەوە و بارهەڵگرەکان لە باشوری سیستان و بلوجستان رایگەیاند، بەهۆی هەڵکردنی گەردەلولی شاهین و ئەو بارانە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، رێگای سنوری ریمدان و دووڕیانی نگور- ریس و رێگەی سماج- سەندها تا کاتێکی نادیار داخراون.

پێشتریش، دەسەڵاتدارانی عومان لە ئەنجامی هەڵکردنی گەردەلولی شاهین لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو وڵاتەیان ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە دەوامی فەرمی رادەگیرێت.

لەلایەن خۆشیانەوە، دەسەڵاتدارانی ئیمارات پلەی هۆشداریدان و دۆخی ئامادەشییان بەرزکردەوە.

دەستەی ئیدارەی رووداوە کتوپڕەکانی ئیمارات رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت گەردەلولی شاهین کاریگەری لەسەر ناوچە کەناراوەکان هەبێت، بەهۆیەوە داوا دەکرێت هاوڵاتییان لە کەناراوەکان و دۆڵەکان نزیک نەبنەوە بەهۆی پێشبینی کردنی روودانی لافاو.

رۆژنامەی بەیانی ئیماراتی بڵاویکردەوە، سەرجەم قوتابخانە گشتی و تایبەتەکان و دایەنگا و باخچەکان ئاگادارکراونەتەوە کە دەتوانن رۆژی یەکشەممە بەمەبەستی پاراستنی گیان و ژیانیان خوێندنی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن و لەناو هۆڵەکاندا وانە نەخویندرێن، تا هاوڵاتییان لەماڵەکانیان بمێننەوە و پارێزراوبن لە ئەگەری روودانی گەردەلولی شاهین و بارینی بارانی بەخوڕ لەگەڵیدا.


کـ ، ئـ













گەلەری