سەردێڕ:

روونکردنەوەیەک لەسەر قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی لە رۆژی دەنگداندا

PM:09:21:02/10/2021

7044 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ھێزە ئەمنییەکان رێگا بە ھیچ کەسێک نادەن کاریگەریی لەسەر دەنگدەران دروست بکات"، دەشڵێت، "لە رۆژی دەنگداندا مۆڵ و چێشتخانەکان دادەخرێن و تەنھا بازاڕەکانی فرۆشی سەوزە میوە لەگەڵ نانەواخانە و دەرمانخانەکان کراو دەبن."


لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، عەبدولئەمیر شەمەری سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم ئامادەکارییەکان لە رووی ئەمنییەوە بە ئامانجی پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگداندا تەواوکراون.

باسی لەوەشکرد، "رۆژی دەنگدان، پشووی فەرمی دەبێت، بەڵام بڕیارەکە دامەزراوە ئەمنی، تەندروستیی و خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە."

عەبدولئەمیر شەمەری ئەوەشی خستەڕوو، "ھەر لە رۆژی دەنگداندا مۆڵ و چێشتخانەکان دادەخرێن و تەنھا بازاڕەکانی فرۆشی سەوزە میوە لەگەڵ نانەواخانە و دەرمانخانەکان کراو دەبن و ھەر کەسێک سەرپێچی ئەو رێوشوێنانە بکات لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت."

بڕیارە رۆژی ١٠ی ئەم مانگە، پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدا لە تەواوی عێراق بەڕێوەبچێت، تیایدا هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە.













گەلەری