هەریەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دەزگای دژە تیرۆری عێراق و زیندانییەکان لەچوارچێوەی دەنگدانی تایبەتدا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، هەریەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆیی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دەزگای دژە تیرۆری عێراق و زیندانییەکان، ئەو دەستانەن کە دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە.
لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، نیبراس ئەبو
سوەدە یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆن ئاشکرای کرد، کۆمسیۆن بە حەشدی شەعبی راگەیاندووە،
بە مەبەستی بەشداریکردنی حەشد لە دەنگدانی تایبەتدا پێویستە زانیاری تەواوی ئەندامەکانی
بۆ کۆمسیۆن بنێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناردنی زانیارییەکان دواکەوتووە، کۆمسیۆن لە
لیستی ئەو دەستانەی لەدەنگدانی تایبەتدا بەشداریدەکەن دەری هێناون.
ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک حەشد بڕیاریداوە
زانیاری ئەندامانی بۆ کۆمسیۆن بنێرێت کاتی نەماوە، هەربۆیە ناتوانن لەچوارچێوەی دەنگدەرانی
تایبەت دایانبنێت، بەمەش ئەندامانی حەشد ناتوانن بەشداری دەنگدانی تایبەت بکەن.
بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی
ئامادەنین زانیاری ئەندامەکانیان ئاشکرا بکەن بەبیانوی ئەوەی حەشد سەربە دامەزراوەی
سەربازی حکومەتی عێراقە نەک لایەنێکی دیکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە
رێکەوتی١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان
هەیە بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان.
لەلایەن خۆشییەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی
هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکانی ئامادەکردووە و رێکارە یاسایییەکان گیراونەتەبەر و هەموو شتێک
ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
کـ ، ئـ