سەردێڕ:

رۆمانێکى نوێى سەڵاحەدین دەمیرتاش بە زمانى تورکى بڵاودەکرێتەوە

PM:10:21:01/10/2021

4268 جار خوێندراوەتەوە

رۆمانێکى نوێى سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرکردەى زیندانیکراوى کورد، بەزمانى تورکى بڵاودەکرێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە رۆمانەکەى بەهاوکارى ژنەکەیى و دوو کچەکەى نووسیوە.


رۆژنامەى زەمانى تورکى بڵاوى کردەوە "سبەینێ شەممە، رۆمانى (ئەفسون)ى سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرکردەى زیندانیکراوى کورد بە زمانى تورکى بڵاودەکرێتەوە".

دەمیرتاش کە لەساڵى ٢٠١٦ەوە لە زیندانى ئەدرنە زیندانیکراوە ئاماژەى بەوە کرد "رۆمانە نوێکەى بە هاوکارى باشاق دەمیرتاشى هاوسەریى و دەلال و دیلداى کچى نووسیوە".

وتیشى "لەسەرەتاى ساڵى ٢٠٢٠ کە هەمووان بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە لە کەرەنتینەدابوون و لەو ماوەیەشدا هاوسەرەکەم و دوو کچەکەم بۆ ماوەى چەند مانگێک نەیانتوانى لەماڵ بچنە دەرەوە".

ئاماژەى بەوەش کرد " لەو ماوەیەشدا سەردانەکانى منیش لە زیندان هەڵپەسێردرابوون، هەربۆیە چیرۆکى کورتم بۆ دەناردن و ئەو کتێبانەمان لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ دەکرد کە حەزمان لە خوێندنەوەى بوو".

دەمیرتاش دەشڵێت "هەر ئەو کات بڕیارى ئەوەمدا رۆمانێکى تر بنووسم بەڵام ئەمجارە بەهاوکارى ئەوان. بەش بەش رۆمانەکەم بۆ دەناردن و ئەوانیش دەیانخوێندەوە و هەڵیاندەسەنگاند و پێشنیاریان دەخستەڕوو".

سەڵاحەدین دەمیرتاش پێش ئەم رۆمانە دوو کۆمەڵە چیرۆکى لە زیندان بەناوەکانى (سەحەر و دەوران) نووسیوە و هەردووکیان لەلایەن فەرهاد چۆمانى وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى کوردى.













گەلەری