وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکدا لە پارێزگای کەرکوک هەشت چەکداری داعشییان کوشتووە. دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقیش رایگەیاند، هێزەکانیان توانیوییانە لە پارێزگای نەینەوا ٢٥ ئەندامی گروپی داعش دەستگیر بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی دژەتیرۆر توانیویان لە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش بدەن لە پارێزگای کەرکوک و لە ئەنجامدا سەرجەمیان کە هەشت چەکداربوون، بکوژن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئۆپراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانی عێراقی ئەنجامدراوە.
هەر ئەمڕۆ، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا
هاتووە، دوای ئەوەی دادگا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستگیرکردنیان، بەپشت بەستن بە
زانیارییە هەواڵگرییەکان هێزەکانیان توانییان ٢٥ ئەندامی گروپی داعش دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق، دەستگیرکراوەکان لە ریزی چەکدارانی
گروپی داعش کاریانکردووە و سەر بە هێزەکانی ویلایەتی نەینەوا و دیجلە و جەزیرە و سەڵاحەدین
بوون.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەستگیرکراوەکان لەکاتی
لێکۆڵینەوەکانیاندا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە لە نێویاندا روبەڕووی هێزە ئەمنییەکان
بوونەتەوە لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە بەئامانجیان گرتوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەچەند هەفتەی رابردوودا و بەتایبەتی لە پارێزگاکانی کەرکوک
و دیالە چەکدارانی داعش بەچڕی دەردەکەون و کەمتر لە نەینەوا دەرکەوتوون.
بەگوێرەی چاوگە ئەمنییەکان، چەکدارانی داعش لە پارێزگای نەینەوا چەند جارێک
بەشێوەى گروپ دەرکەوتوون و زۆربەی کات لە ٥٠ چەکدار کەمترنەبوون.
کـ ، ئـ