بەرپرسی تیمی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی رایگەیاند، بەپێی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پاراستنی نەخۆشی ئەمریکی وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا دوای شەش مانگ لە ژەمی دووەمیان بۆ ئەوانەی مەترسی توشبوونیان لەسەرە پشنیاز دەکرێت.
هێرش حەیدەر پزیشکی هەناوی و بەرپرسی تیمی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی رایگەیاند، ژەمی سێیەمی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەیە کە مەترسی زۆریان لەسەرە بۆ توشبوون بە ڤایرۆسەکە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کەسانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵ و بەرەو
سەرەوەیە و ئەوانەشی نەخۆشی درێژخایەنی وەکو رەبۆ و شەکرەیان هەیە و قەڵەون پێویستە
ژەمی سێیەمی کۆرۆنا وەرگرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشنیاز دەکرێت کارمەندانی تەندروستی
و مامۆستا و دوکاندارەکانیش ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە وەرگرن، چونکە مەترسی زۆری
توشبوونیان لەسەرە.
لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمەریکا
رایانگەیاند، ئەو کەسانەی کە ماوەی هەشت مانگ بەسەر وەرگرتنی ژەمە ڤاکسینی دووەمیاندا
تێپەڕیوە، ژەمە ڤاکسینی سێهەمییان پێدەدرێت.
ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID 19)، لەکۆتاییەکانی
ساڵی ٢٠١٩دا لە شاری وهانی چین بڵاوبووە و دوای ماوەیەک زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە
و تائێستاش، نزیکەی ٢١٩ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکەبوون، چوار ملیۆن و ٥٥ هەزار کەسیش
بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.