سەردێڕ:

چى روودەدات تەڵاق بەدەست ژن بێت؟ پسپۆڕێکى یاسایى وەڵامدەداتەوە

PM:03:19:01/10/2021

11660 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی و پسپۆڕی یاسایی عێراق رایگەیاند، "کاراکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەسەڵاتی تەڵاقدان دەدات بە ژنان"، دەشڵێت، "تەڵاق لەدەستی ژندا بێت، رەنگە زۆربەی کێشەکان کەمببێتەوە."


لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی، تارق حەرب شارەزا و پسپۆڕی یاسایی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد، ماددەی ٣٩ لە یاسای ساڵی ١٩٥٩ دەسەڵاتی بڕیاری تەڵاقدان دەدات بە ژنان و ئەمەش لە بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییەکەدا وەک مەرجێک تۆماردەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا رێژەی ٢٪ی ژنانی عێراق دەسەڵاتی تەڵاقدان لە دەستی خۆیاندایە."

ئەو پسپۆڕە یاساییە ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر بڕیاری تەڵاقدان لە دەستی ژناندا بێت، ئەوە رەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەشێکی زۆری کێشەکان و پەیوەندییەکی ئاسایی تریش لە نێوان هەردوولادا دێتە کایەوە."

تارق حەرب ئەوەشی وت، "پێدانی دەسەڵاتی تەڵاقدان بە ژنان حاڵەتێکی ئەرێنییە و هیچ خاڵێکی نەرێنی تێدا نییە."

لە یاسای باری كەسێتی عێراقی لە بڕگەی یەک ماددەی سێ لە پێناسەی هاوسەرگیریدا دەڵێت، (گرێبەستێکە لە نێوان پیاو و ژندا كە تیایدا ژنەكە رەوا و رێگەپێدراو بێت لە رووی شەرعەوە بۆ پیاوەكە و ئامانج لە گرێبەستەكە دامەزراندنی رایەڵەكە بۆ ژیانێكی هاوبەش و وەچە)، بەڵام ئەم پێناسەیە لە هەرێمی كوردستان لە رووی دارشتن و ناوەرۆكەوە هەمواركراوە بەم شێوەیە (هاوسەرگیری گرێبەستێكی رەزامەندانەی نێوان پیاو و ژنە بە پێی گرێبەستەكە هەریەكەیان بۆ یەكتری رەوا دەبن لە رووی شەرعەوە و مەبەست لێی پێكهێنانی خێزانە لەسەر بناغەی سۆز و بەزەیی و بە پرسیارێتی هاوبەش.)








گەلەری