سەردێڕ:

داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان دەکرێت

PM:02:32:01/10/2021

5832 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی جیهانی پەیامنێرانی بێسنوور و سەنتەری میترۆ داوای دەستەبەجێ ئازادکردنی پێنج رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکەی بادینان دەکات و دەشڵێن، "سیان لەو رۆژنامەنووسانە وەک ناڕەزایەتییەک لەو دۆخەی کە تیایدان مانیان لە خواردن گرتووە."


سابرینا بوێنووی بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور رایگەیاندووە، "داوا لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم دەکەین، بە زوویی و بەبێ دواخستن، سەرجەم رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم رۆژنامەنووسانە بە پشتبەستن بە چەند تۆمەتێکی هەڵە و بێبنەما دەستبەسەرکراون، لەپرۆسەی داننان بەتاوانەکانیشدا ئەشکەنجە دراون، لە ئێستاشدا سێ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە دەستیان بە پرۆسەیەکی سەختی مانگرتن لە خواردن کردووە."

سابرینا بوێنووی دەشڵێت، "پێویستە دەسەڵاتدارانی دادوەری کۆتایی بە دەستبەسەرکردنە ‌هەڕەمەکیی و بێ بەرنامەکەیان بهێنێنن."

ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئێستادا هەریەکە لە شیروان شیروانی، ئەیاز کەرەم و گوهدار زێباری، وەک ناڕازەیەتییەک لەو دۆخەی کە تیایدان مانیان لە خواردن گرتووە.

 

هاوکات، دیاری محەمەد بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە، زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان کاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی هەرێم لەبارەی دیموکراسییەوە دروستکردووە. 

لەبارەی دۆخی ئەو سێ رۆژنامەنووسەشەوە، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور باسی لەوەشکردووە، "ئەو سێ رۆژنامەنووسە لە رۆژی شەشی مانگی ئەیلولەوە هیچ خواردنێکیان نەخواردووە"، دەشڵێت، "٨٢ زیندانی دیکەی دهۆک مانیان لە خواردن گرتووە."

رۆژی ٢٦ی تەمموزی ئەمساڵیش، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوای "دەستبەجێ و خێرا ئازادکردنی ئەو سێ رۆژنامەنووسە"ی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کرد.

لە وەڵامی داواکارییەکەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووریشدا، حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، "حکومەتی هەرێم رێز لە سەربەخۆیی سیستەمی دادوەریی هەرێم دەگرێت و هیچ دەستێوەردانێک لە کاروباریدا ناکات، دەسەڵاتی دادوەری تەواو سەربەخۆ و دادپەروەرە و تەواوی پرۆسەکانیشی یاسایین."

لە ریزبەندی وڵاتانی جیهاندا بۆ پاراستنی ئازادیی و مافەکانی رۆژنامەنووسان، لە کۆی هەر ١٨٠ وڵات، عێراق پلەی ١٦٣ەمینی گرتووە.

ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بەچەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەندکرد.

نەورەس غەریب













گەلەری