سەردێڕ:

لەسەر شەڕەتەقەکەی هەریر؛ زانیاری نوێ هات

PM:01:27:01/10/2021

52812 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ، لە نێوان دوو بنەماڵەی شاری هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر شەڕەتەقە و گرژی دروستبوو و تیایدا، سێ کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، ئەمڕۆ پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ئێستادا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.


موراد ئەحمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری هەریرەوە ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بنەماڵەی کوژراوەکان لە گوندی خۆیان پرسەیان داناوە و لایەنی بەرامبەریش، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە براونەتە دەرەوە و دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.

لەبارەی شەڕەکەی دوێنێشەوە، هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەریر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەم جۆرە شەڕانە ناو بە ناو لەو ناوچەیە دووبارە دەبنەوە و زۆربەشیان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوەیە، وتیشی، بەرپرسیاری سەرەکی حکومەتە کە دەبێت روودانی ئەم جۆرە رووداوانە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام حکومەت کۆنتڕۆڵی روودانی ئەم رووداوانەی پێناکرێت.

هەر دوێنیش، کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کێشەیەکی پێشووترە و لەسەر زەوی و زار و کۆمەڵایەتییە، جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە و ئەو رووداوەی لێکەوتەوە.

بەپێى ئامارى پۆلیسى هەولێریش، لە ماوەى هەشت مانگى رابردوودا لە سنورى هەولێر ٤٥ کەس بە دەستڕێژى گوللـە کوژراون و چەندانى تریش برینداربوون.

سەر لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لە نێو بازاڕی ناحیەی هەریری سەر با پارێزگای هەولێر شەڕەتەقە دروستبوو و دواتریش، کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەسێک لەناو بازاڕی هەریر دەسترێژی گوللـەی کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، دواتریش جارێکی دیکە شەڕەتەقە دروستبووەوە و بەهۆیەوە کەسێکی دیکە کوژرا، دواتریش هێرشکرایە سەر ماڵی بکوژەکان و ماڵەکەیان سوتێنرا و دواتر لە هەریر برانە دەرەوە.













گەلەری