رۆژنامەی "ۆوڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاڵیبانەوە سەدان خێزانی هۆزی "هەزارە" کە پەیڕەوکەری مەزهەبی شیعەن، ئاگادارکراونەتەوە کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی "ۆوڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بزووتنەوەی تاڵیبان رێنمایی تایبەتی ئاڕاستەی دانیشتوانی گوندەکانی "کندیر" و "تاجبدار" کردووە، بۆ ئەوەی لەماوەی نۆ رۆژدا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
لەوبارەیەشەوە،
دانیشتووانی هەردوو گوندەکە ئەو زانیارییەیان پشڕاستکردووەتەوە و دەشڵێن، "هەزاران
کەس لەکۆی ٧٠٠ خێزان پابەندبوون بە بڕیارەکەی تاڵیبان و ماڵەکانیان جێهێشتووە."
لە هەفتەی
رابردووشەوە، مەلا موسەفیر حاکم و گەورە بەرپرسی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ناوچەی
باتووی سەر بە ویلایەتی دایکندی، ئاگادارکردنەوەی ئاڕاستەی هەردوو گوندی
"شاگولجا" و "خرجاک" کردووە، بۆ ئەوەی لەماوەی پێنج رۆژدا ماڵەکانیان
چۆڵ بکەن.
لەدوای گرتنەدەستی
دەسەڵاتەوە، پرسەکانی ئازادی رادەربڕین، ئازادییەکانی ژنان و کچان، ئازادییە ئایینییەکان
و چەندین پرسی دیکە، بووەتە جێی سەرنج و چاودێریکردنی جیهان، جیاواز لەمانەش،
بزووتنەوەی تاڵیبان لەسێدارەدانی تاوانبارانی بەبەرچاو خەڵکییەوە و حوکمی دەستبڕینیشی
گەڕاندەوە.
لای خۆشییەوە،
غولام حەزرە شێخی هۆزی تاجیندار رایگەیاندووە، "ئەمە کارێکی مەترسیدارە و تەنها
بەسەر ئێمەی "هۆزی هەزارە"دا دێت."
تایبەت بەو پرسەش،
بزووتنەوەی تاڵیبان رەتیکردەوە کە ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسانە بۆ جێهێشتنی خانووەکانیان
"نایاسایی" بێت، تەنانەت دەشڵێت، "خاوەندارێتی ئەو زەویانە کە ئەو
خێزانانەی تێدا دەژین، کێشەی یاسایی هەیە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی
خۆیان."
هاوکات، شێخی هۆزی
تاجیندار ئەوەشی خستەڕوو، "ماوەی چەندین نەوەیە ئێمە لەم ناوچەیە دەژین، تەنانەت
تا ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووش ئێمە بەجێگیری لەم ناوچەیەین و هیچ بەرپرسێکی
تاڵیبان ناچاری نەکردووین کە ماڵەکانمان چۆڵ بکەین."
لەرۆژی ١٥ی ئابی
ئەمساڵدا، پاش ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان تەواوی گەورە ویلایەتەکانی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ
کرد، چووە نێو شاری کابوولیشەوە، هەمان رۆژیش ئەشەرف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان بەرەو
دەرەوەی وڵات هەڵهات، دواتریش تاڵیبان بەبێ بەشداریکریپێکردنی هیچ ژنێک، حکومەتی
کاربەڕێکەری خۆی پێکهێنا.