سەردێڕ:

ژنێک بەتۆمەتی یارمەتی لە کوشتنی ١١ هەزار کەس دەستگیرکرا

AM:09:33:01/10/2021

8644 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی تەمەن ٩٦ ساڵ، لەلایەن یەکە ئیدارییە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیاوە دەستگیرکرا، دوای ئەوەی ئەو ژنە هەڵهات و ئامادە نەبوو لەبەردەم دادگا بەتۆمەتی "یارمەتیدان لە کوشتن و لەناوبردنی کەمپی نازییەکان" ئامادە ببێت.


بڕیاربوو دوێنێ، ئیرمگراد فێرچنەر لە دادگای "ئیتزیهۆی" ئەڵمانیا، بەتۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن و لەناوبردنی ١١ هەزار و ٣٨٧ کەس دادگایی بکرێت"، ئەمەش بە گوێرەی بڵاوکراوەی فەرمیی دادگاکە.

تۆمەتبارەکە، نوسەر و تۆمارکەر بووە لە نوسینگەی فەرماندەیی کەمپی نازییەکان لە ستوتهۆف، لە نزیک ئەو شوێنەی کە ئێستا شاری گدانسکی پۆڵندایە.

ئەو ژنە کە ئێستا تەمەنی ٩٦ ساڵە و پێش ئەوەی دادگاییەکەی دەستپێبکات هەڵهاتووە و دواتر دەستگیرکراوە، تۆمەتبارە بە پرۆسەی کوشتنی زیندانییەکانی کەمپەکە لەنێوان حوزەیرانی ١٩٤٣ و نیسانی ١٩٤٥.

پێشتریش، فێرچنەر لەلایەن دادگای جوڤێنڵییەوە دادگایی کرا، چونکە یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لەنێو کەمپەکاندا بوونی هەبوو لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکاندا بەرامبەر زیندانییەکان.

ئەم ژنە تەمەن ٩٦ ساڵە، یەکێکە لەو ژنانەی کە لەماوەی چەندین دەیەی رابردوودا بەتۆمەتی بەشداربوون و هاوکاربوون لە تاوانەکانی سەردەمی نازییەکاندا تۆمەتبارە.

بەگوێرەی ئاماری نوسینەگی ناوەندیی لویدگسبێرگی ئەڵمانیا کە تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەمپی نازییەکان، نزیکەی ٦٥ هەزار کەس لە کەمپی زیندانییەکانی ستوتهۆفدا گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، رۆژی پێنجشەممەی داهاتووش، دادگاییەکی دیکە بۆ پاسەوانێکی تەمەن ١٠٠ ساڵەی کەمپێکی پێشووی نازییەکان بەڕێوەدەچێت.













گەلەری