بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و بە دیاریکراوی ١٠ رۆژی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا بەتەمەنترین دەنگدەری عێراقی دەنگ دەدات.
خەلف عەبدۆ مەتۆ لەدایکبووی ساڵی ١٩٠٩یە و تەمەنی ١١٢ ساڵە، بە بەتەمەنترین دەنگدەر لە عێراقدا دادەنرێت و بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات، خەلف عەبدۆ لەدایکبووی نەینەوایە و کارتی بایۆمەتری خۆی وەرگرتووەتەوە.
لەوبارەیەوە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ
ئێن ئاڕ تی هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی، "ئەو هەواڵە راستە و خەلف عەبدۆ
دەتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بدات."
بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت
و تیایدا ١١٠ حزبی سیاسی و ٢٢ هاوپەیمانی بەشدارن و لە هەزار و ٧٩ بنکەی دەنگدان
لە عێراق و هەرێمدا دەنگ دەدرێت، هاوکات بۆ یەکەمجارە نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق دەکات.
لای خۆشیەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان باسی لەوەکردووە، ئەو
کەسانەی مافیان هەیە و دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن، ژمارەیان ٢٥ ملیۆن و
١٣٩ هەزار و ٣٧٥ کەسە.
هاوکات، سێ هەزار و ٥٢٣ کاندید لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە لە ٨٣ بازنەی
هەڵبژاردندا و کێبڕکێی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.
هـ.ئـ