سەردێڕ:

گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق رادەگیرێن

PM:09:20:30/09/2021

8644 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، سەرجەم گەشتەکانی پێنج فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ رادەگیرێن.


لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی فڕۆکەوانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "بەبۆنەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی بەغدا، نەجەف، بەسڕە، هەولێر و سلێمانی لە رۆژی نۆی تشرینی یەکەمەوە تا رۆژی ١١ی تشرینی یەکەم رادەگیرێن."

دەستەی فڕۆکەوانی عێراقی لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لەکاتژمێر نۆی شەوی تشرینی یەکەم، واتە رۆژێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، تا کاتژمێر شەشی سەر لە ئێوارەی رۆژی ١١ی تشرینی یەکەم، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو پێنج فڕۆکەخانەیە رادەگیرێن.

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆش، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا، لە کاتژمێر ١ی رۆژی ١٠ی ١٠ تاوەکو کاتژمێر ٦ی رۆژی ١١ی هەمان مانگ، دەروازەی پارێزگاکانی عێراق دابخرێن و رێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتییان و ئۆتۆمبێل نەدرێت.

بڕیارە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەرانسەری عێراق ئەنجامبدرێت و تیایدا، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەش جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە.













گەلەری