سەردێڕ:

سەركردەكانى G20 له‌ لوتكه‌یه‌كی نائاسایدا پرسى ئەفغانستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

PM:02:41:30/09/2021

1928 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە رۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، سەرکردەکانی وڵاتانی G20، لوتکەیەکی "نائاسایی" تایبەت بە دۆخی ئەفغانستان ببەستن، پرسی "جارێکیتر نەبوونەوەی ئەفغانستان بە لانکەی تیرۆر" پرسی گەرمی لوتکەکە دەبێت.


ماریۆ دراگی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، "ئەنجامدانی لوتکەیەکی نائاسایی وڵاتانی G20 تایبەت بە دۆخی ئەفغانستان" ئاشکراکرد و وتیشی، "لوتکەکە لەرێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دەبێت".

ماوەیەکە ئیتاڵیا سەرکردایەتی لوتکە ئاسایی و نائاساییەکانی (کۆمەڵەی G20) دەکات و رۆمای پایتەختیش شوێنی میوانداریکردنی یەکتربینینی سەرۆکەکانە، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی لوتکەکە دەکات.

لەچوارچێوەی کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکەیدا، ماریۆ دراگی ئاماژەی بەوەکرد، "دەبێت وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەبێ دانانی مەرج لەو پرسەدا كارێك ئەنجام بدەن".

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە سەرۆکایەتی لوتکەی G20یش دەکات وتی، "مژارێكی دیکە کە لە لووتکە نائاساییەکەدا تاوتوێی دەکرێت، پرسی تیرۆرە و بۆ رێگرتن لەوەی ئەفغانستان جارێکی دیکە ببێته‌ لانکەی تیرۆر، دەبێت ببینین چی ھەنگاوێکی پێویست ھەیە بینێین".

سەرۆکی لوتکەی G20 ئاماژەی بەوەشکرد، "لە لوتكه‌كه‌دا له‌سه‌ر ئاستی سەرۆکی وڵات و حكومه‌ته‌كان تەنھا وڵاتانی ئەندامی G20 بەشدار نابن، بەڵکو جگە لە ئیسپانیا و ھۆڵەندا کە لەم خولەدا بانگھێشت کراون، قەتەر و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، بانکی نێودەوڵەتیی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتیش (IMF)، بەشدار ده‌بن."

گروپی جی ٢٠ ساڵی ١٩٩٩ پێکهێنرا بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە ساڵانی نەوەدەکان ڕووبەڕووی جیهان بووەوە، کە سەرەتا لەسەر ئاستی وەزیرانی دارایی بەڕێوەدەچوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە و دوای ئەوەی قەیرانێکی تری سەختی دارایی بەرۆکی جیهانی گرت، کۆبوونەوەکانی لەسەر ئاستی سەرکردەی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیشدا بابەتەکانی کۆبوونەوەکانی لوتکەى جی ٢٠ لە دۆسێی ئابوری تێپەڕی کرد و لە ئێستادا دۆسیەکانی گەشەپێدان و گۆڕانکاریی کەشوهەواو و بنبڕکردنی تیرۆریش تیایدا تاووتوێ دەکرێن.

ئەوە لەکاتێکدایە، گروپی جی ٢٠ خاوەنی ٨٥%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهان و دوو لەسەر سێی دانیشتووان و ٧٥%ی بازرگانی نێودەوڵەتی و ٨٠%ی وەبەرهێنانی جیهانن.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە.

روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بە روبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا و دوو هێندەی روبەری بەریتانیایە.


نەورەس غەریب













گەلەری