سەردێڕ:

حکومەتی تاڵیبان دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەکات

AM:11:20:30/09/2021

3184 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەفغانستان رایگەیاند، حکومەتی تاڵیبان دەستدەکات بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی. دەشڵێت، "پێویستە ئەمریکا پارە بلۆک کراوەکانی وڵاتەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدوسەلام حەنەفی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەفغانستان رایگەیاند، حکومەتی تاڵیبان دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتەکەی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا، دەست بە پرۆژەکان و بەرنامەکانی گەشەپێدانی ئابوری وڵات دەکاتەوە.

عەبدوسەلام حەنەفی، داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی پەیوەندیدارکرد، پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەیان بۆ بگەڕێننەوە، چونکە ئەم کارە زیان بەخەڵک و گەلی ئەفغانستان دەگەیەنێت.

جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەفغانستان ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی ئێستای تاڵیبان تەواوی تواناکانی خۆی بە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکانی لە نێویشیاندا ئۆزبەکستان، دەستدەکاتەوە بە پڕۆژە گەورەکان و چارەسەرکردنی کێشەی حەواڵەکردنی دراوەکان.

لەبارەی پرۆژەکانیشەوە، عەبدوسەلام حەنەفی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەفغانستان، باسی لەوەکرد، پرۆژەکان بریتین لە کارەبا و دامەزراندنی هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر کە وڵات دەبەستێتەوە بە وڵاتانی دراوسێ.

دەشڵێت، ئەفغانستان لە رێگەی گواستنەوەوە ساڵانە ملیۆنان دۆلاری دەستدەکەوێت و دەتوانێت سود لەم پرۆژانە وەربگرێت و سودی بۆ وڵات و گەلەکەی هەبێت.













گەلەری