وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە دابەشکردنى موچەى مانگى ئەیلوول و ئەمڕۆ موچەى وەزارەتێک دابەشدەکرێت.
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت.
دوێنێش موچەى مانگى ئەیلولى هەریەک لە وەزارەتی
كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی و فەرمانگەکانى زێرەڤانى و بەرگرى
و فریاکەوتن و لیواى نەوت و گاز دابەشکرا.
رۆژی شەممە لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەستکرا
بە دابەشکردنی موچە و بەهۆی نەگەیشتنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغداشەوە، دابەشکردنی موچە گۆڕانکاریی
بەسەردا هات.
دوێنێ چوارشەممە، جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى
هەرێمى کوردستان لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا باسى لە هۆکارى
خاوبوونەوەى دابەشکردنى موچەى کرد و رایگەیاند "نەبوونى سیولە گرفتى بۆ
دابەشکردنى موچە دروستکردووە".
سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بوو داهاتەکانی
حکومەتی هەرێم بەردەوام لە زیادبووندابوون و بەشی دابەشکردنی موچەی دەکرد بەبێ لێبڕین،
بەڵام دوو مانگی بەر لە ئێستا، کاتێک بەغدا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد و
هیچ بیانوویەک نەمایەوە بۆ بەردەوامیدان پێی، بڕیاردرا بێ لێبڕین موچە دابەشبکرێت
تا ئەو کاتەی بەغدا لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام بێت.