سەردێڕ:

عێراق دوو رۆژ خۆی لە جیهان دادەبڕێت

AM:09:11:30/09/2021

10584 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای ئەمنی بۆهەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی کەشی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی تشرینی یەکەم تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی تشرینی یەکەم و بۆ ماوەی دوو رۆژ عێراق سەرجەم دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکانی دادەخات.


غالب عەتییە وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەبەرەبەیانی رێکەوتی ٩ی تشرینی یەکەم تا بەرەبەیانی ١١ی تشرینی یەکەم سەرجەم دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان دادەخرێن.

لەبارەی جموجوڵ و هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی عێراق، غالب عەتییە ئەوەشی خستەڕوو، جموجوڵی نێوان پارێزگاکان سنورداردەکرێت و لەناوخۆی پارێزگاکانیش بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلەکان قەدەغەدەکرێن و هاوڵاتییان تەنها دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان بەمەبەستی سەردانیکردنی بنکەکانی دەنگدان بەکاربهێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، گرتنەبەری سەرجەم ئەم رێکارانە بە ئامانجی پاراستنی کەشی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگدەرانە.

لەبارەی گرتنەبەری ئاسانکارییەکان بۆ ئەو هاوڵاتییانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، رێوشوێنی تایبەتی ئاسانکاری گیراوەتەبەر تا بتوانرێت دەنگدەرە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بە ئاسانی بتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن.

دەشڵێت، لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکان رێنماییەکانی ئاراستەی سەرجەم لقەکانی لیژنەکە لەسەرجەم پارێزگاکانی وڵاتداکردووە.

غالب عەتییە وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی، لیژنەکەیان پێداچونەوەیەکی گشتگیری بۆ سەرجەم ئاڵنگارییەکان و مەترسییەکان و لەمپەرەکاندا کردووەتەوە و چارەسەریشی بۆ ئەگەرە چاوەڕواننەکراوەکان داناوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە دوای ١١ رۆژی دیکە و لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەسەرتاسەری وڵات بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان.


کـ ، ئـ













گەلەری